بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: خەڵکی ئاوایی درۆیان شێخ لە هەموو چەشنە خزمەتگوزارییەکی وەک بنکەی تەندرووستی، هێڵی مۆبایل، گاز، ئاو، پڕۆژەی هادی ( ڕاستەوپاستە کردنی کۆڵانەکان)، ڕێگەوبان، قوتابخانەی ناوەندی و دواناوەندی و هەروەها تۆڕی تایبەت بە پەخشی تی ڤی نێوخۆیی کۆماری ئیسلامی ئێران، بێبەشن.
ئاوایی درۆیان شێخ لە ۷۶ کیلۆمیتری باشووری شاری سەقــــــــز هەڵکەوتووە. ئەو گووندە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ۷۰۰ ساڵ پێش ئێستا و ۴۰۰ کەسی دانیشتوو هەیە. لەگەڵ ئەوەی کە ئەشکەوتی بەردینی “قەڵا کۆن” لەو گووندەیە کە مێژوویەکی ۲۰۰۰ ساڵەی هەیە، لەبەر نەبوونی هیچ جۆرە پێداویستییەک کە ببێتە هۆی ئاسایشی خەڵک، ئەگەری چۆلبوونی لەسەرەخۆی ئەو ئاواییە لە ئارادایە.
نەبوونی پێداویستی ژیان و هەڵاواردنەکان دەبێتە هۆی کۆچ کردنی خەڵک بۆ شارە گەورەکان. کۆچی گووند نشینان بۆ شارەکان، قەراخ نشینییەکی کارەساتباری بەدواوەیە. بێکاری، برسێتی، نەبوونی بژێو وایکردووە کە ئەو خەڵکانە ڕووبکەنە کارگەلێکی وەک دەستفرۆشی و کۆڵبەری و …
ئەوە لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەران و بەرپرسانی حکوومی بۆ لەناوبردنی کەمووکوڕی و دابینکردنی پێداویستییەکان، چ کارێکی بەکەڵک و گونجاویان لەو ئاواییە و گووندەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجام نەداوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستــــــــان
.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستــــــــان