گردبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایانی قوتابخانەکانی مەریوان وبانە بەرانبەر بە ئیدارەی فێرکردن وڕاهێنان

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ئەوڕۆ پێنج شەممە ۱۳ی ڕەزبەری ۱۳۹۶ی هەتاوی کۆمەڵێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی شارەکانی مەریوان وبانە بەرانبەر ئیدارەی فێرکاری وڕاهێنانی ئەو دوو شارە دەستیان دایە گردبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕین بەمەبەستی وەچنگ کەوتنی مافە پیشەییەکانی خۆیان.

لەگردبوونەوەی مەریوان، مامۆستایان بەهەڵگرتنی پلاکاردگەلێکی دەستنووس کە بریتی بوو لە ویستە پیشەییەکانیان، خوازیاری جێبەجێ کردنی دادوەری وهاوسانی مافەکانیان، سڕینەوەی هەڵاواردن لەگەڵ دیکەی ڕێخراوە حکوومییەکان بوون.

لەگردبوونەوەی شاری بانە، مامۆستایان داواکاری زۆرکردنی مووچە، هاوسان کردنی مووچە لەگەڵ دیکەی دامودەزگاکان وبایەخدان بە جۆری ژیانی خانەنشینان بوون .

لەوێنەی پلاکاردەکانی مامۆستایان: (بایەخ نەدان بە فێرکاری وڕاهێنان هاوسانە لەگەڵ هەڵکشانی خەساری کۆمەڵایەتی، تێداچوونی داهاتووی مامۆستایان وهەروەها پێشکەوتنی کۆمەڵگا گرێدراوی بایەخدان بە فێرکاری وڕاهێنانەوەیە) بوو. وهەروەها لەم دوو گردبوونەوەیەدا ڕاگەیەندراوی ڕۆژی جیهانی مامۆستایان خوێندرایەوە.

پێنجی ئۆکتۆبەر لەلایەن یونسکۆوە ڕۆژی جیهانی مامۆستا وەکوو ڕووداوێکی ساڵانە ناوزەد کراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان