هێرشی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی شاری بۆکان و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیان

کۆمەڵەی مافی مرۆڤ زانیوێتی کە شەوی ۴ی ڕەزبەری ۱۳۹۶ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری بۆکان هێرشیان کردووەتە سەر هاووڵاتیانی ئەو شارە و دوای لێدان و تەقە کردنێکی زۆر کۆمەڵێک هاووڵاتیشیان دەستبەسەر کردووە.

زانراوە کە دوابەدوای دەربڕینی خۆشحاڵی هاووڵاتیانی کورد لە شاری بۆکان بە بۆنەی ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان، لە نزیک گۆڕەپانی دایک(میدان مادر) لە نیزیک سێ ڕێیانی ئەبووزەڕ، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی زۆر بەتووندی هێرشی کردۆتە سەر خەڵک و زۆر لە شووشەی ماشێنی ئەو خەڵکەیان شکاندووە و بە باتووم لە هاووڵاتیانیان داوە و تەقەیان بەسەر جەماوەری ئەو شارەدا کردووە.

هەتا ئێستا لەبەر داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئامار و نێوی دەستبەسەر کراوان و برینداران نەزانراوە و ڕەوشی میلیتاریستی و ترس و تۆقاندن بەسەر شاردا زاڵە.

دۆینێ کۆمەڵێک لە چالاکان ڕایانگەیاندبوو کە هێزێکی یەکجار زۆر کە هیچی کورد نین و کەس نازانێ کێن بە دەیان جۆری ماشێن و چەکی سەربازییەوە هاتوونەتە ئەو شارە و خەڵکی شار هەست بە مەترسییەکی بەرفراوان دەکەن.

لەلایەکی دیکە کۆمەڵێک چالاکوانی نێوخۆیی لە لاپەڕە تایبەتەکانی خۆیان نێوی ٨ کەسیان لە ئاوایی حاجی ابادی جەغەتوو (زرینەرود) و قانزانی سەر بەشاری بۆکان بڵاوکردۆتەوە کە لە سەر پاڵپشتییان بۆ ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان گیراون کە لە چۆنێتی گیران و شوێنی دەستبەسەر کردنیان، هیچمان لەبەردەست دانییە.

نێوی ئەو ٨ کەسە بەو شێوەیەی خوارەوەیە:

۱ ـ ئاوات سوڵتانی

۲ ـ ڕەحمان قادری

۳ ـ ڕەحمان خوسرەوی

۴ ـ غەفوور نەسیری

۵ ـ دیاکۆ پوور مستەفا

۶ ـ سولەیمان بێپووش

۷ ـ ئیدریس قادری

هەموویان خەڵکی حاجی اباد

٨ـ ڕەحیم ئەفشاری خەڵکی قانزالی

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستـــــــان