لە سنە هێرش کرایە سەر خۆپیشاندەران

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشیان کردۆتە سەر خەڵکی نارازی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کۆردستان و لانی کەم پێنج خۆپیشاندەر دەستگیر کراون.

سەرچاوە ناوخۆییەکان لە شاری سنە ڕایدەگەیەنن کە لە میانەی خۆپیشاندانەکەی دوێنێ ئێوارەی شاری سنە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و دوایی لێدان و ئازاری خەڵک، ژمارەیەک هاووڵاتیان دەستبەسەر کردووە.

هاوکات هێزە چەکدارەکانی ئێران بە هەلیکۆپتەر بەسەر ئاسمانی شاری سنەدا سوڕاونەتەوە بۆ ئەوەی نەهێڵن خۆپیشاندانەکە بەفراوانتر بێت.
خۆپێشاندانی خەڵک لە سنە بۆ پشتیوانی و هاودەنگی لەگەڵ نارەزایەتی گەلی کورد لە شارەکانی تری کوردستان دەستی پێکرد، نارەزایەتیەک کە بۆ مەحکوم کردنی کوژرانی کۆڵبەران لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە لەشاری بانە ئەنجام درا. ئەو هەڵوێستەی خەڵک لە شاری بانە، بەشێک لەشار و ناوچەکانی کوردستانی وەک سەقز و مەریوانیشی گرتەوە، دوێنێ ئێوارەش هاونیشتمانیانی شاری سنە بەپیل ئەو خۆپێشاندانانەوە چوون و ئەرکی نیشتمانی خۆیان بەجێ هێنا.
جێی ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران، رۆژانە و بەشێوازێکی زۆر نامرۆڤانە کۆڵبەرانی کورد دەکووژێ و ژیانیان لێدەستێنێ.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستــــــــــان