بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان : چالاکانی مەدەنی شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕاگەیاندنی بڵاوکێک ڕێز و سڵاوی خۆیان بۆ گردبوونەوەی ئاشتیخوازانەی شارۆمەندان دەربڕی و لە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوایان کرد بە خێرایی دەسبەسەرکراوانی گردبوونەوەکە ئازاد بکرێن .
دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوە بوە :
“گەلی دڵسۆز و وڵاتپارێزی شاری سنەی سەربەرز ، هاوڵاتیانی هێژا و گەنجانی ڕەنجدەر سەرەڕای ڕێز و سپاس لە هەموو بەڕێزان بۆ بەشداریتان لە گردبوونەوی پشتیوانی لە دەنگی خنکاوی کۆڵبەران ڕادەگەیەنین .
برایان و خۆشکانی هێژا سنەی خوێناوی ، هەروا کە دەزانن تەنها ئامانجی ئێمە گردبوونەوەی ئاشتیخوازانەی بوو و هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەرمان و ئەم کردەوەیە بو بە هۆی تێکچوونی ئارامی گردبوونەوەکەمان . ڕادەگەیەنین کە هێزە ئەمنییەکان زەرپرسن لە تێکچونی ئارامی و هێوری کۆبوونەوەکەمان و بوون بە هۆی تێکهەڵچوون و پێویستە دەسبەسەرکراوانی چالاکی ئەمڕۆ بە خێرایی ئازاد بکرێن و وڵامی داخوازییەکانی گەل بدرێتەوە .
سڵاو و ڕێزی تایبەت دەنێرێن بۆ هەموو دەستبەسەرکراوان و بریندارانی چالاکی ئاشتیخوازانەی ئەمڕۆی شاری سنەی سەربەرزمان . چالاکانی مەدەنی شاری سنە ۱٦ خەرمانانی۱۳۹٦هەتاوی” .
جێگای ئاماژەیە کە لە چالاکی ناڕەزایی ئەمڕۆ پێنج شەممە خەڵکی شاری سنە بۆ پشتیوانی لە شارۆمەندانی بانە ، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشیان کردە سەر خەڵک و لە ئاکامدا ۸ کەسیان دەستبەسەر و ۱۰ کەسیان بریندار کرد . دۆخی جەستەیی برینداران بە پێی ڕاپۆرتەکە لە باشیدایە .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


