ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆی ئێران هەواڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەواشە دەکەن

بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ؛

لە مەڕ کوشتنی ۲ کۆڵبەری کورد لە شاری بانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە ناسنامەی ئەو دوو قوربانیە بە تەواوی ڕوون و ئاشکرایە و سەرچاوەگەلی باوەڕپێکراو و خەڵکی بانە ئەم مژارە بە ڕوونی ئاشکرا دەکەن ، مخابن دەزگا هەواڵنێری (ایرانا) بەو پەڕێ ساختە بوونەوە و بێ ئەوی باس لە سەرچاوەیەکی دیاریکراو بکات لە مەڕ کوشتنی ئەو دوو کۆڵبەرە لە ماڵپەڕێ فەرمی خۆیدا کە بە زمانی فارسی دەنوسێت ڕاگیاندوە ؛

ئەو دوو کەسە کەسانێکی نەناسیاو بوون و دوو شەو پێش سەرڕای ئاگادارکردنەوە لە لایەن هێزە سنووریەکانەوە و هووشداریدان سنوور دەرباز دەکەن و لە ئاکامدا هێزە سنوورییەکان لە ڕووی ناچاریەوە تەقە دەکەن و ئەو دوو کەسە نەناسراوە دەکوژن و بە هەمان شێوە لە درێژەی هەواڵەکەدا ئاماژە دەکات کە ئەو دوو کەسە لە ڕێگایەکەوە هاتونەتە ناو ئێرانەوە کە ترۆریستانیش لەو ڕێگاوە دەچنە خاکی ئێرانەوە ولە کۆتاییدا دەڵێت :

دەبێت لە گەڵ ترۆریستان بەو چەشنە هەڵسوکەوت بکرێت .

لە بەشێکی دیکەی هەواڵکەیدا دەڵێت تا ئێستا هیچ کۆڵبەرێک بە هۆی کۆڵبەریەوە تووشی کێشە نەبوە کە ئەمیش لە حاڵێکدایە بە پێی ئامارەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا تەنها لە دەڤەری بانە ۹ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لە دەستداوە و دەیان کۆڵبەریش بریندار بوون و لە سنوورە دەسکردەکانی ڕۆژهەڵات لە گەڵ باشووری کوردستان ڕێژەی کوشتنی کۆڵبەران زیاتر لەو ڕادە بوە .

بە گشتی هەموو وشە‌بەوشەی هەواڵکەی “ایرانا” چەواشەکارانە و دوور لە ڕاستیە و ئەمە لە کاتێکدایە کە مژاری کۆڵبەری ئەمڕۆ بە هۆی غەدرێکەوە کە لەو چینە هەژارە دەکرێت ،مژارێکی جیهانی و حاشا هەڵنەگر . هەر بەو هۆیەوە وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە هەواڵە چەواشەکارانە دەکەین . ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی پاساوی دژە مرۆیی بۆ کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکاران دێنەوە .

کۆمەڵەی مافی مافی مرۆڤی کوردستان