بە پێی ڕاپۆرتێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە ، ئەمڕۆ ۲۲ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ی هەتاوی جارێکیتر ئاگر بەردراوەتە جەستەی دار و دەوەنەکانی شاهـــــــــــــۆ و دەروبەری .
بە پێی هەواڵەکە لە دوای هەڵمەتە جەماوەرییەکەی چەند ڕۆژ بەرێی خەڵکانی خۆبەخشی شارەکانی دێولان و سنە و مەریوان بە دەسپێشخەری هاووڵاتیانی شاری کامێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، ئەمڕۆ دیسانەکە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگای سنە بە بیانوی مانۆڕی سەربازی و تۆپبارانکردنی قەد و بنپاڵ کێوی شاهـــــــــــۆ و کوێستانەکانی دەروبەری ئاگرێکی بێ ئامانیان بەرداوەتە جەستەی دار بەڕۆ ، پوش و پوار و ژینگەی ئەو دەڤەرە .
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە خەڵکی سڤیل و ژینگەپارێزان دیسان بە کەمترین کەرەستەو و پێداویستیی ئاگرکوژێنەوە ، بەڕێکەوتوون بۆ کوژانەوە ئاگرەکە داوایان لە خەڵک کردوە با هانای شاهۆ وە بچن .
شایانی باسە شاهـــــــــۆ و کوێستانەکانی ناوبەر مەریوان و سنە و کامێران بەشێکی سەرەکی سەرچاوە ئاوی ڕووباری سیروانن و کۆماری ئیسلامی بە لێدانی بەنداوگەلێک وەک بەنداوی “داریان “دەیەوێت ئەو ئاوانە ڕاگوێزی ناوچە ناوەندییەکانی ئێران بکات و بە سوتانی دارستانەکان و ژینگەی ئەودەڤەرە بیانکات بە بیاوان و سەوزایی هەورامان بگوازێتەوە بۆ دەشت و بیاوانەکانی ناوەندی ئێران .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان