٥٢ ژنی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی ژنانی تارسووسی تورکیا بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ مانگرتن لە خواردنیان ڕاگەیاند .
بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ماوەی دوو ڕۆژە لە زیندانی ژنانی شارۆچکەی تارسووسی سەربە شاری مەرسین لە باکووری کوردستان و تورکیا ، ٥٢ زیندانی سیاسی دژی ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەڕێوەبەرانی زیندانەکە بەرامبەر بە زیندانیان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ مانگرتن لە خواردنیان ڕاگەیاندووە.
مانگرتووان ١٢ خاڵیان بۆ بەڕێوەبەرانی زیندانەکە دیاریکردووە و هۆشداریشییان داوە، کە ئەگەر ئەو ١٢ خاڵە جێبەجێ نەکرێن بەردەوام دەبن لە مانگرتنەکەدا پاش پێنج ڕۆژەکەش.
هەندێک لە داواکارییەکانی ئەو زیندانییانە بەم شێوەیەن: ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی نەشیاو بەرامبەر بە زیندانیان کۆتایی پێ بێت، زیندانیانی نەخۆش چارەسەری پزشکییان بۆ بکرێت، گەڕان و پشکنینی کەلوپەلی زیندانییەکان کۆتاییان پێ بێت، سزای زیندانی تاکەکەسی نەمێنێت و نوێنەرانی زیندانیان لەگەڵ بەڕێوبەری زیندانەکە دانیشن و دانوستان بکەن سەبارەت بە دواکاریی زیندانییەکان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان