بە پێی ڕاپۆرتگەلێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە لە دوای ئاگر تێبەردانی چەندڕوژ پێشی دارستان و چیاکانی شاهۆ و دەروبەری لە نێوان ناوچەی مەریوان و سنە و کامێران و بانگەوازی ژینگەپارێزانی خۆجەیی بۆ هەڵمەتێکی هەروەزی بۆ کوژانەوەی ئاگرەکە ، ئەمڕۆ سەرلە بەیانی چەندین تیمی ئاگرکوژانەوە پێکهاتوو لە خەڵکانی مەدەنی و خۆبەخش ژینگەپارێزانی شارەکانی سنە و مەریوان و دێولان و کامێران بە مەبەستی کوژانەوە ئاگرەکە خۆیان گەیاندوەتە ناوچەکە .
ئەوەی جێگای سەرنجە هێزەکانی سپای پاسداران بە بیانوی ئەوەی لە شاهۆ مانۆڕی نزامی بەڕێوە دەچێت ، ڕایگەیاندوە لە کاتژمێر ۳ی دوانیوڕۆی ڕۆژی چوارشەمە ۱٨ی گەلاوێژ بەولاوە خەڵکی دەتوانن بچن بۆ ئاگر کوژانەوە .
شایانی باسە ئاگر کەوتنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر جارە و بە بیانوێک لە لایەن دەست و پێوەندەکانی سپای پاسدارانەوە ئەنجام دەدرێت و ئەم ڕاگەیاندنەی سپای پاسداران باشترین بەڵگەیە کە بکەری ئەو تاوانانە هەر سپای پاسدارانە ، چونکە سروشتی کوردستان پڕ لە گیاو و دەوەنە و هەموکەس دەزانێت لەم وەرزەی ساڵدا مانۆڕی سەربازی ئاگرکەوتنەوەی لێدەکەوێتەوە و بەو حاڵەشەوە لایەنەپەیوەندیدارەکانی حکومەت هیچ هەوڵێک بۆ کوژانەوەی ئاگرکەوتنەوەکان نادەن و تەنانەت ڕێگری لە کوژانەوەی ئاگرەکانیش دەکەن .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان