پەیامى ئاشتى لە سەردەشت بۆ هەڵەبجە

بە پێی ئەو هەواڵانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو  بوونەوه گرووپێک لە شاخەوان  و کۆمەڵگەی مەدەنی سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی 28 مین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە و بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی ئاشتی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتى کوردستان بە پیادە سەردانی هەڵەبجەیان کرد.

هاشم کەریمیان چالاکوانى مەدەنى و یەکێک لە سەرپەرشتیارانى شاندەکە لە وت ووێژێک لەگەڵ ئاژانسی رۆژنیوز دەبێژێ :” ئێمە کە نزیکەی 50 کەس دەبین لە شاری سەردەشتەوە بە بەرنامەیەکى تۆکمە هاتووین بۆ هەڵەبجە و لەم یادەدا دەمانەوێت پەیامی ئاشتی شاری سەردەشت بگەیەنین بە پارێزگای هەڵەبجە، کە بۆ ماوەى نزیکەى 14 ساڵ دەبێت ئەم چالاکییە ئەنجام دەدەین.”

هاشم کەریمیان لە درێژەدا ئێژێت: کە لە پەیامەکەماندا دەمانەوێت قۆناغێکى نوێ و ژیانێکى نوێ فەراهەم بکرێت بۆ هاوڵاتیانى هەڵەبجە و کۆمەڵگەى جیهان بەگشتى، چیتر چەکى کۆمەڵکوژ بەرامبەر خەڵکى سڤیڵ بەکارنەهێنرێت، هەروەک چۆن سەردەشت و هەڵەبجە یەک تاوانیان بەرانبەرکراوە و دەمانەوێت دەنگمان پێکەوە بخەین پاڵ یەک تا هەموو دونیا بزانێ‌ تاوانی هەڵەبجە گەورە بووە. ئێمە لەم سەردانەمان دا چەند کار و چالاکییەکمان بەدەستەوەیە و دەمانەوێ ئەنجامى بدەین کە ئەوانیش بریتییە لە شاخڕەوییەک لە شاخى شنروێوە بەرەو هەڵەبجە بە پێ دێینە ناو شار ئەویش بەو مەبەستەى کە زۆرترین کەس لەو تاوانەدا لەو ڕێگەیەدا لە کاتى تاوانەکەى هەڵەبجە، پاشان پەردە خوێندنگایەک بەناوى شەهیدانى سەردەشت دەکەنەوە، هەروەها پێشکەشکردنى چەند دیارییەک بەسەرکەسوکارى شەهیدان و بریندارانى چەکى کیمیایى و چەند منداڵێکى خاوەن پێداویستى تایبەت، لە کۆتاییشدا بەشدارى مەڕاسیمى 28 هەمین ساڵیادى تاوانى کیمیابارانى هەڵەبجە دەکەین.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان