بەردەوامی دەستبەسەرییەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە باکووری کوردستان

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەوڕۆ ۲۵ی ژووییەی ۲۰۱۷ی زایینی، هێزەکانی پۆلیسی دەوڵەتی تورکیە لەشاری ئامەدی باکووری کوردستان هەڵیانکووتایە سەر ماڵی “مووسا فارس ئۆغڵاری” و دەستبەسەریان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتەکە ناوبراو هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دێموکراتKCDیە و دوای دەستبەسەری ڕەوانەی ناوەندی ئەمنی شاری ئامەد کراوە.

لەدرێژەی دەستبەسەرییەکان و لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا هاتووە کە هەر ئەوڕۆ پۆلیسی دەوڵەتی تورکیا لە شاری ڕۆحا هێرشیان کردەسەر ماڵی ۳کەس لە ئەندامانی پارتی هەرێمە دێمۆکراتییەکانDBP و دەستبەسەریان کردن و گوێستیاننەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان.

شایانی باسە کە بە درێژکردنەوەی باری نائاسایی لە باکووری کوردستان، دەوڵەتی تورکیا پەرەی بە سیاسەتی سەرکوتکارانە و پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ داوە و زۆربەی گەلی کورد و ڕێکخراوەکانی سڤیل، ئەشکەنجەو دەستبەسەر دەکات و لەدوای کۆدەتای ۱۵ی ژووییەی ساڵی پار، دەیان هەزارکەسیان دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانەکردووە کە زۆرینەیان ئەو کەسانە گەلی کوردن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان