کوژران و برینداربوونی ۳ کاسبکاری کورد لە لایەن هێزی ئینتزامی لە شارستانی ڕەوانسەر

بە پێی ڕاپۆرتێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە بڕواری ۲٦ی پوشپەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی لە سەرجادەی بورهانەدین و لە نزیک گوندی”بەدراباد” هەڵکەوتوو لە سێ کیلومیتری شارستانی ڕەوانسەر لە پارێزگای کرماشان ، هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ماشێن و بارهەڵگری کاسبکاران دەدەنە بەردەسڕێژ و لە ئاکامدا کەسێک دەکوژرێت و ۲ کەسیش بریندار دەبن .

بە پێی ئەو هەواڵە، سەرچاوە خۆجەییەکان کوژرانی کەسێک بە ناوی “حامید عەلیمورادی” یان ڕاگەیاندوە بەڵام ناسنامەی دوو بریندارەکە ڕانەگەیەندراوە .

ئەمە لە دۆخێکدایە هەر ئەو ڕۆژە خەڵکانی توڕە و بێزار لەو کارەساتە لە کاسبکاران و خەڵکی شارەکە ڕژانە سەرشەقام بە نیشانەی ناڕەزایی و کۆمەڵێکیش چوونەبەر دەرمانگای ئەو شارە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کاسبکارە کوژراوەکە.

پێویستە باس بکرێت ، کۆماری ئیسلامی سیاسەتی سەرکوت و گوشار و کوشتنی کاسبکاران و کۆڵبەران ڕۆژبەڕۆژ زیاد دەکات . هەرچەن گوشاری پەیتاپەیتا و ئاگادار کردنەوەی ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکانی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی دەخرێتە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی کاسبکاران نەکوژن ، بەڵام هەردەم خەمساردی و گوێ نەدانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەو ئاگادارکردناوانە دەبینین و ڕۆژانە خەڵکانی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکوژرێن .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان