بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە۲٤ی جۆزەردانی ۱۳۹۶ی هەتاوی، لەلایەن هێزە تایبەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەشاری سنە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەچەند ماشێنی سەربازی هێرشیان کردە سەر گەردەنەی تەتە لەدەورووبەری دزڵی و دەستیان گرت بەسەر دەیان تەن کەلووپەلی کۆڵبەران وکاسبکارانی کورد.
بەگوێرەی هەواڵەکە، هێزە تایبەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ماشێنەکانیان ڕوویانکردە سەر کاسبکاران و دەیانهەویست بیانکەن بە ژێر ماشێنەکانەوە و هەروەها پەلاماریان دان و دەستیان بەسەر دەیان تەن لە کەلووپەلی کاسبکاران داگرت. کاسبکاران بەپێی ئەوەی دەیانزانی کە دەکوژرێن هەڵهاتن و ئەو هێزانەیش تەقەیان لە بارهەڵگرەکانیان کرد و ۲ئەسپ کوژرا ودوابەدوای ئەوە لەگەڵ دژکردەوەی خەڵکی ناوچەکە وکۆڵبەران ڕووبەڕوو بوونەوە، خەڵکی ناڕەزایی بۆ خۆپاراستنیان لەکردەوەی ئەم هێزە سەرکوتگەرانە، پەلاماری ماشێنەکانیان دا و شیشە(جام)ی ماشێنەکانیان لێ شکاندن.
جێگەی باسە، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی چوار شەممە ۲٤ی جۆزەردان، لە پەلامارێکی دیکەدا لەناوچەی بیتۆش سەربە شاری سەردەشت بەبێ هیچ چەشنە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت، کۆڵبەرانیان دایە بەر دەستڕێژی فیشەک کەبەهۆی ئەم تەقانەوە کۆڵبەرێک بەناوی سیروان عەزیزی خەڵکی سەردەشت گیانی لەدەست دا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


