ئەنجومەنێک بۆ بەدواداچوونی کاروباری پەنابەرانی ڕۆژهەڵات لە باشوری کوردستان پێک هات

ئەنجومەنێک بۆ بەدواداچوونی کاروباری پەنابەرانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان پێک هات

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجومەنێکی حەوت کەسی بۆ بەدواداچوونی کاروباری پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ UNHCR لە هۆڵی شازیاری شاری سلێمانی کۆبوونەوە.

ئەو پەنابەرانە رایانگەیاندووە کە ئەگەر لە ماوەی هەفتەیەکدا UNHCR داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکات ماندەگرن و داواشیان لە ئاسایشی سلێمانی کردووە پشتگیریان بکات.

لە ڕاگەیەندراوی ئەو پەنابەرانە بۆ UNHCR دا هاتووە:”پێویستە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا ئەنجومەنەکە پێکبێت و هەروەها یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر خێزانە پەنابەرەکاندا دابەش بکرێت، شوێنی نیشتەجێبوون بۆ پەنابەران دابین بکرێت و بژیوی ژیانیان بدرێتێ”، هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە کە ئەگەر لە ماوەی هەفتەیەکی داهاتوودا ئەو داواکارییانە جێبەجێ نەکرێن مان لە خواردن دەگرن”.
جەعفەر محەمەدی، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لەم بارەوە ڕایگەیاند: پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان پشتگوێ خراون و هیچ کارێکیان بۆ ئەنجام نەدراوە، هیوادارین بتوانین بە هاوکاری یەکتر فشار بخەینە سەر UNHCR بۆ ئەوەی مافەکانمان دەستەبەر بکەین”.
ژنە پەنابەرێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی میهری دادانی نژاد گلەیی لە نەبوونی ژنان لە ناو ئەنجومەنەکە دەکات و دەڵێت: “سکاڵا و گلەیی ئێمە لە UNHCRە، پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەتەواوی پەراوێز خراون، هیچ بەرپرسیارێتییەکی ئەو ڕێکخراوەیە لە ئاست ئێمەی پەنابەردا نییە و بۆیەش پێویستە لە بەرامبەر ئەم ستەمەدا بوەستینەوە و مافەکانمان دەستەبەر بکەین”.
جێی ئاماژەیە کە خەڵکێکی زۆری رۆژهەڵاتی کوردستان لەباشووری کوردستان وەک پەنابەر دەژین و رێکخراوی UNHCR کەمترین بەهای پێنەداون و پشت گوێی خستوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان