ژن کوژی لە باشووری کوردستان کۆتایی نایە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ۲۰۱۷/۰٦/۱۰ی زایینی، لە گەڕەکی قالاوەی شاری سلێمانی باشووری کوردستان، ژنێک بە دەستی هاوسەرەکەی خۆی بە دەمانچە کوژرا.

(ت.ع.س) ئەو ژنە ۲٨ساڵەیە کە ۱۰ ساڵ لەمەوبەر ژیانی هاوسەری لەگەڵ خاڵۆزایەکی خۆی پێکهێناوە و دایکی ۲ منداڵە کە لە لایەن (ع)ی هاوژینییەوە بە لێدانی ۳ گوللە کۆتایی بەژیانی هێنرا.

بەپێی وتەی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی کوژراوەکە، (ع) زۆر بۆ هاوسەرەکەی خراپ بووە و دەیان جار لێیداوە و تەنانەت جارێک ئاوی کوڵیوی پێدا کردووە.

پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای کرد کە لەکاتی کوشتنی ئەو ژنە، ژن و پیاوێکی تریش کە پوورزای پیاوەکەن لەو ماڵە بوون و هەر ۳کەسەکە دەستبەسەر کراون هەروەها هاوژینی ئەو ژنە کوژراوە ڕایگەیاندووە کە گوللە لەدەستی دەرچووە و نەیهەویستووە بیکووژێت.

شایانی باسە کە لە هەرێمی کوردستان ساڵانە بە دەیان ژن بە شێوەی جۆراوجۆر دەکوژرێن و دواتریش بە ئاشتبوونەوەیەکی عەشایری کۆتایی بە دۆسیەکە دەهێندرێت و تاوانبار لە زیندان دا نامێنێتەوە و هەر ئەوەش بۆتە یەکێک لە هۆکارەکانی کوشتن لەو بەشە لە کوردستان.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان