ڕێکخراوی خەڵکی کرمانجی خۆراسان لەبەیانییەیەکدا هەڵاواردنی زمانی کەلتووری و هەڕەشە و سووک نرخاندنی لەخۆراساندا شەرمەزار کرد

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان،ڕێکخراوەی خەڵکی کرمانجی خۆراسان لەبەیانییەیەکدا، هەڵاواردنی زمانی کەلتووری، هەڕەشە وبێ بەها نرخاندنی لەخۆراساندا مەحکووم کردووە وخوازیاری ڕێزدانان بەکەلتوور و زمانی نەتەوەی کورد لەناوچەی خۆراسان بووە.

ئەم ڕێکخراوە خەڵکییەی کوردەکانی خۆراسان بە پشتبەستن بە بنەچەکانی ۱۵ و۱۶ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران خوازیاری پەسەند کردن وخوێندنی زمانی (زاراوەی)کوردی کرمانجی (بەڕێنووسی عەرەبی/فارسی کەلەبەر دەستە) بۆزانکۆکانی مەشهەد وبجنووردە.
لەبەیانییەکەی ئەم ڕێکخراوەدا لەمەڕ ڕێژەی حەشیمەتی کوردەکان ئامارێ دراوە وزانیارییەک بەنیسبەتی شارەکان ڕاگەیەندراوە.
لەبەیانییەکەدا هاتووە:ئەوکەسانەی چالاکی کەلتووری زمانی کوردین، لەگەڵ هەڵسووکەوتی دەزگاکانی ئیتلاعاتی وپاراستن و تەنانەت ئەشکەنجە وزیندان ڕووبەڕوو دەبنەوە.

دامەزراوە ئەمنییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن لە ئەلفوبێی لاتینی لەزمای کوردیدا لەڕاستیدا ئەلفبێی پارتی کرێکارانی کوردستانە کەئەم شێوازە ڕێنووسە نابێ لە باکووری خۆراسان پێڕەو بکرێ. ئەو ناوەند دەپرسێ کە ئاخۆ هێزە ئیتلاعاتی وحکوومییەکانی تورکیا خەریکن گوشار ئەخەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی لەباکووری خۆراسان بەرانبەر بە زمانی کوردی کرمانجی بێ ڕێزی بکرێت و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ یارمەتییەک بێت بۆپڕۆژەی تواندنەوەو لە ناوچوونی زمانی کوردی ونەتەوەی کورد لەتورکیا کەبەخێراییەکی تەواو بەرەو پێشەوەی دەبەن؟
هەروەها بۆچی لەبەرانبەر کاری کەلتووری، هونەری زمانی خەڵک وئەوکەسانەی کەتەنیا کاری زمانی دایکی و لە بواری مافی منداڵان وکەلتووری نەتەوەیی کاردەکەن، لەتۆمەتگەلی سیاسی کەڵک وەردەگرن؟
ئێمە کوردانی باکووری خۆراسان لەپەروەردە وفێرکاری ناوچەیی خوێندن بەزمانی کوردیمان نییە وزمانی دایکی قوتابیان ومنداڵانمان لەخولی فێرکاری سەرەتایی و لە ناوەندی و دوا ناوەندی و زانکۆ لە ناوچەکەدا بەتەواوی قەدەغەیە.
هەربەوجۆرەی بۆهەموان ئاشکرایە ئەمەیش بۆخۆی هەم لەڕوانگەی مافی منداڵان وهەمیش لەڕوانگەی زمانی دایکییەوە پێشێلکاری ئاشکرای مافی مرۆڤە. ئەمە لە حاڵێکدایە کەحکوومەتی ئێران بەشێوەی یاسایی و بەفەرمی بەڵێندارە بەکرداری کردنی ئەم بابەتە گرنگە واتە خوێندن بەزمانی دایکی(هەم لەبنەچەی۱۵م و۱۹م یاسای بنەڕەتی ئێران وهەمیش لەڕێکەوتن و جاڕنامە نێودەوڵەتییەکان کە حکوومەتی ئێران بۆخۆی واژۆی کردووە.
لەدرێژەی بەیانییەکەدا هاتووە:
جێی خۆیەتی کەئێمە کوردانی ناوچەی باکووری خۆراسان ئەم شێوازە لەخوێندنی زمانی کوردی ــ کرمانجی بکەین بە میناکی(سەرچەشن) خۆمان.
هەروەها هاتووە کەڕێژەی نەخوێندەواری لەباکووری خۆراسان نێزیک بە ۳۰لەسەدە.خوێندنی سەرەتایی بەزمانی دیکە جگەلەزمانی دایکی بۆ مناڵانمان لەچۆنییەتی فێربووندا زۆر گرانە وهەڵگری حاڵەتگەلی دەست هەڵگرتن لەخوێندن وخۆ بەکەمزانین ودووکەسایەتی بوونی مناڵان وخۆسانسۆرکردن و…لێدەکەوێتەوە.
فێرکاری وخوێندن بەزمانی کوردی ـــ کرمانجی لەباکووری خۆراسان هەم گەشەدەدات بە بواری کۆمەڵایەتی،کەلتووری مەدەنی وهەم کارگەری پۆزەتیڤ لەسەرکۆمەڵگا دادەنێ وحاڵەتی باوڕبەخۆبوون وبەرزکردنی ئیرادە وسەربەخۆی دەروونی لێدەکەوێتەوە وبەرفراوانی دەکات.
نەبوونی پەروەردە وفێرکاری بەزمانی دایکیمان واتە کوردی کرمانجی، نەبوونی ڕادیۆ و تلەڤزیۆن بۆهەموو کاتەکان بەزمانی دایکیمان واتە کوردی کرمانجی بەسوکایەتی وبێ نرخ نواندنی زمان وکەلتووری نەتەوەیی وخۆجێی خۆمان دەنرخێنین وپێویستە کەلتووری پێکەوەژیانی وێکچوو بەشێوەی تەندرووست وبەواقیع وڕاستەقینە دابمەزرێ وبەڕێبکەوێت وهێدی هێدی ڕۆڵی ئاسایی و ڕوو بەگەشە لەبەربگرێ، وجێگەی هەرچەشنە بیرتەسکی وگومانلێکردنی ناکارامە وهەڵاواردن ولاوازی بەڕێوەبەرایەتی ووڵات لەبواری زمانی کەلتووری بچەسپێت.

ڕێکخراوی خەڵکی کرمانجی خۆراسان

دووشەممە ۱۵ی جۆزەردانی ۱۳۹۶ی هەتاوی

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان