وەزیری پەیوەندی و تکنۆلۆژی زانیاری کۆماری ئیسلامی ئێران: ۷میلیۆن ئادرەسی ئینتێرنێتی مان داخستووە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بەگوێرەی هەواڵنێرییە حکوومییەکان، ئەوڕۆ ۳شەممە ۱٦ی جۆزەردانی ۱۳۹٦ی هەتاوی،”مەحموود واعێزی” وەزیری پەیوەندی و گواستنەوەی زانیاری لە دانیشتنێکی ئاشکرادا ڕایگەیاند کە: ئێمە پاڵاوتنی زیرەکمان وەکار خستووە و ٤۰۰میلیۆن هێمای وێنەییمان داخستووە. هەروەها لە ۳ ساڵی ڕابردوودا ۷میلیۆن ئادرەس کە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆیان دەست نیشانیان کردووین، داخراوە و ۱۲۱بەرنامەی گرینگ و پاڵاوتن شکێنمان لەکار خستووە.
واعێزی لە درێژەدا باسی کرد کە: لە دەستپێکی دەوڵەت دا، ۱۰%ی خەڵک لە ئینێرنێت و ناوەرۆکی نێوخۆیی کەڵکیان وەردەگرت و ۹۰%ی دیکەش، ئینتێرنێتی نێودەوڵەتییان بەکار دەهێنا بڵام ئێستا ئەو ڕێژەیە بۆ ٤۳% بەرز بووەتەوە و بەشی سێهەمی تۆڕی نەتەوەیی زانیاری لە کۆتایی مانگی داهاتوو و لە پێش کۆتایی هاتنی دەوڵەتی یازدەیەم وەگەڕ دەخرێت.
هەروەها لە بابەتی هێمنایەتی وەبیری هێنایەوە کە: یەکێک لە شانازییەکانی دەوڵەتی یازدەیەم ئەوەیە کە هاوکات لەگەڵ پەرەپێدانی تۆڕی ئینتێرنێت، بەرەو پێشچوونی هێمنی وڵاتیش گرینگی پێدراوە و بۆ ئەوەش بەشی ماڵییەکەی لەلایەن وەزارەتی پەیوەندییەوە دابینکراوە و یەکێک لە نهۆمەکانی بینای ئەو وەزارەتخانەیەمان بۆ بەشی هێمنی چۆلکردووە و پێداویستییەکانیشی وەک “سەروەر” لەبەرچاو گیراوە.
ناوبراو بە وتنی ئەوەیکە ناوەرۆکی بابەتەکان بەپێی یاساکانی بڵاوکردنەوەی زانیاری و لێپرسراوێتی لە ئەستۆی وەزارەتی پەیوەندی نییە، ڕایگەیاند کە: لە ڕاستیدا شۆڕای باڵای ئینتێرنێت، دەستەی دەستنیشانکردنی چۆنێتی و وەزارەتی کولتوور و ڕێنوێنی ئیسلامی بەرپرسی ناوەڕۆکی شتەکانن.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێی ڕێکخراوی جۆراوجۆر و بەشیوازی جیاجیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاودێری پەیوەندی و قسەکردنەکان دەکات و لە و ڕێگەشەوە زانیاری لەسەر هاووڵاتیان کۆدەکاتەوە و بۆ پاراستنی دەستهەڵاتی خۆی کەڵکی نەشیاویان لێوەردەگرێت.
لەساڵی پار دەیان کەس لەشارە کوردییەکان بە بیانووی بێ بنەما و تاوانی کەڵک وەرگرتن و چالاک بوونیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون و ئەوە لەکاتێکدایە کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤ، گوێ گرتن لە شارۆمەندان بەهەر بیانوویەک پێشێل کردنی مافی تاکە. بەڵام لە ئێران و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵەهایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران، هەموو ئامێرەکانی پەیوەندی و زانیاری خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆی و خزمەتی دەستهەڵاتەکەی پێدەکات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان