خۆ کوشتنی کچێک لە شاری “نەهاوەند”

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، کچە گەنجێکی شاری نەهاوەند لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆی هەڵواسی و بەو شێوەیە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی وتەی بەرپرسانی ئینتیزامی لەو شارە، ئەو کچە لە ناوچە کوێستانییەکانی نەهاوەند خۆی کوشتووە. بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامە و هۆکاری خۆکوشتنەکەی لەبەر دەست دا نییە.

بەگوێرەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژی ۱ی خاکەلێوەی ئەو ساڵەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ۱۰ ژن لە پارێزگای سنە، ۱۲ ژن لە پارێزگای کرماشان، لە پارێزگای ئیلام ۹ ژن، و لە پارێزگای ورمێ ٨ ژن خۆکوژییان کردووە.

زۆرێک لە کارناسان هۆکاری ئەو خۆکوژییانە بۆ بابەتگەلێکی وەکوو نەبوونی، هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی، ڕووخان و بێ هیوایی، کێشە بنەماڵەییەکان و هەروەها گوشارە ڕۆحی و ڕەوانییەکان دەگێڕنەوە کە لەو نێوەدا ڕێژەی خۆکوژییەکان بەهۆی نەبوونی بژێو بە ٤۱%ی کۆی خۆکوشتنەکان خەمڵێندراوە.

ڕوونە کە ئەو دیاردەیە و ناجێگیرییە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ بێ پلانی لە سیاسەت و ئابووری کۆماری ئیسلامی ئێران دەگەڕێتەوە کە بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن بەرپرسانی ئەو دەڤەرەوە بەسەر هاووڵاتیان دا سەپێندراوە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: