بە پێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ،لە ڕێکە وتی ۱۳۹۶/۳/۱۴ هەتاوی ژنێکی ۲٤ساڵان بە ناو (ه-ق) خۆی هەڵدەواسێت و پاشان لە لایەن تیمی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی نەخۆشخانەی فەجری مەریوان دەگوازرێتەوە ، لە درێژەی هەواڵەکەدا هاتوە کە ناوبراو گیانی لە دەست دەدات.
جێگای سەرنجە کە بە پێی ئامارەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرتای ئەمساڵی هەتاویەوە تا ئێستا پتر لە ۱۰ژن لە پارێزگای سنە، ۱۲ ژن لە پارێزگای کرماشان ، ۹ژن لە پارێزگای ئیلام و ۸ژن لە پارێزگای ورمێ دەستیان داوەتە خۆکوشتن ، بە پێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران لە پانتایی سیاسی ئێراندا ڕێژەی خۆکوژیەکان ٦ کەس لە هەر ۱۰۰/۰۰۰ کەسدایە بەڵام لە پارێزگای ئیلام بە ۲٦ لە ۱۰۰/۰۰۰ کەسدا و لە پارێزگای کرماشان بە ۲ لە ۱۰۰/۰۰۰ کەسدا پلەگەلی یەکەم و دووم بۆ خۆیان لە پانتای ئێراندا تەرخان دەکەن . لە ساڵی ۱۳۹٤ هەتاویدا ۳/۰۰۰ خۆکوژی کە بە ڕێژەی ٦٤٪ پیاوان و ۳٦٪ ژنان لە ئێراندا بوون بە قوربانی و گیانیان لە دەستدا کە ئەو ڕێژەیە ۱٪ کۆی ڕێژەی مەرگ و گیان لە دەستدانەکانە لە پانتایی ئێراندا .
زۆربەی کارناسان هۆکارگەلی سەرەکی خۆکوژی بە ڕێز دەگێڕنەوە بۆ مژارگەلێک وەک هەژاری و نەداری ، هەڵاوردوویی کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی ، بێهیوایی و نا ئۆمێدی، کێشەی نامووسی ، کێشەگەلی ناو بنەماڵە و خێزان، خویندن و پێکهێنانی ژیانی هاووبەش، نەخۆشیگەلی ڕەوانی سترێس و دۆخی نالەباری دەروونی ،تەنهایی ،خۆشەویستی و سۆز و هەست و تووش بوون بە مادە هۆشبەرەکان کە لە نێوان ئەم هۆکارگەلەدا ، هەژاری و نەداری بە ڕێژەی ٤۱٪ بە هێزترین ڕێژەی خۆکوژی بە ئەژمار دێت .
بە باشی دەردەکەوێت کە ئەم تێڕووانین و کێشەگەلە ، لە دۆخی نالەباری سیاسی و ئابوریەوە سەرچاوە دەگرن و بە تایبەت شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە لایەن کاربەدەستانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە داگیر کراوە .
کۆمەڵەی مافی مرۆفی کوردستان


