جارێکی تر ژینگەی کوردستان ئاگری تێبەردرا

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان،  یەکشەممە ۷ی جۆزەردانی ۱۳۹٦ی هەتاوی، بۆ جارێکیتر ناحەزانی ژینگەی کوردستان، ئاگریان لە جەستەی دار و شاخەکانی نیزیک ئاوایی “ڕەزاو” لە چیای کۆساڵان بەردا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ناوچەیە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی سەر بە دەسەڵات، هیچ کارێکیان بۆ کووژاندنەوە و دامرکاندنی ئەو ئاگرە نەکردووە و خەڵکی گوندەکانی دەروبەر بە هاوکاری ژینگەپارێزانی ناوچەکە، توانیویانە ئاگرەکە بکووژێننەوە.

شایانی باسە ئەوە سێهەمین ئاگر کەوتنەوەیە لە ماوی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە نیگەرانی خەڵکی لە هەمبەر بەردەوام کردن و پەرەپێدانی ئەو سووتاندنانە، لێکەوتووەتەوە و هەروەها ژینگەپارێزان دەڵێن کە ئەو ناوچانە بە هەزاران جۆری ئاژەڵی تێدایە و ئاگر تێبەردانی ئەو ناوچانە دەبێتە هۆی لەنێوچوونی دەیان جۆر ئاژەڵی جۆراوجۆری سرووشتی کوردستان.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان