بەردەوامی کوژرانی کۆڵبەران لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێران

سپای پاسداران لە شاری ماکۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقە کردن لە هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٩ ساڵە، بوو بە هۆی بریندار بوونی ئەو هاووڵاتییە.
هێزە جەکدارەکانی سپای پاسداران بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقەیان لە عەلی فەتاحی پوور دەکەن، دواتر ناوبراو بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی دەکرێت.
ئەو کۆڵبەر خەڵکی گوندی “ڕەند” سەر بە بەخشی ناوەندیی شاری ماکۆیە.
هەروەها لە ڕاپۆرتێکی دیکە دا هەواڵنێری کوردپا باسی لە کوژرانی کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی ئەحمەد عەزیزپوور كوڕی ئیسماعیل بە هۆی کەوتنە خوارەوە بۆ ناو ڕووباری “چۆمان” کردوە کە گیانی لە دەست داوە.
ناوبراو کرێکارەو خەڵکی گوندی “سێوجی سەرو” سەر بە شاری بانەیە و زستانان بە هۆی بێکارییەوە ڕووی لە پێشەی پڕمەترسی کۆڵبەری کردووە.
ئەو هاووتییە تەمەنی ٣٥ ساڵە و خاوەنی دوو منداڵە.
پێشتریش دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی مەریوان و سەردەشت بوونە قوربانی گوللەکانی سپای پاسداران لە کوردستان.

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ساڵانە بە دەیان کۆڵبەری کورد بە هۆیی تەقەی راستەوخۆیی هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەست دەدەن و بە سەدان کەس بریندار دەبن.

رێژەی بێکای لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەراورد لەگەڵ ناوچەکان و پارێزگاکانی ئێران، زۆرترین رێژەی بێکاری هەیە و حکومەتی ئێران هیچ هەوڵ و پلانێکی نیە کە خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان بتوانن کەڵکی لێ بگرن و روو نەکەنە کاری مەترسیدار وەک کۆڵبەری.

هەر وەها کوژرانی کۆڵبەرن بە سەدان جار نارەزایەتی لێ کەوتۆتەوە و خەڵکی کوردستان داخوازی دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی دابین کردنی دەرفەتی کار بۆ خەڵکی کوردستان بدات و دەست لە کوشتنی کۆلبەران هەڵگرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

2016.03.08