کوڕە کوردێکی زۆرانبازی نێونەتەوەیی لە سێدارەدرا

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی پێنج شەممە ٤ی جۆزەردانی ۱۳۹٦ی هەتاوی، کوڕە کوردێکی زۆرانبازی نێو نەتەوەیی، لە گرتووخانەی دیزێڵ ئاوای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارە درا.

“حوججەتوڵڵای تێدرۆ” کوڕە کوردی کرماشانی و خاوەنی چەندین مێدالیای زۆرانبازی لەسەر ئاستی نێو نەتەوەیی کە ماوەی زیاتر لە ۱۰ ساڵە لە گرتووخانە ڕاگیراوە، سەر لە بەیانی پێنج شەمە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تاوانی دەستدرێژی کردنە سەر کەسێک لە سێدارە درا. ناوبراو هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی ئەو تاوانەی ڕەتکردووەتەوە و بە سیناریۆیەک بۆ لەنێوبردنی خۆی دەزانی.

شایانی باسە کە داتاشین و درووستکردنی دۆسیە لەلایەن دەستهەڵاتدارانی ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە شتێکی تازە نییە و بە دەیان جار لەسەری تۆمار کراوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای هەموو داخوازییە نێو نەتەوەییەکان، هەتا ئێستاش لەسەر لە سێدارەدانی گەنجانی گەلی کورد و گەلانی تری ئێران بەردەوامە.

 

کۆمەڵەی مای مرۆڤی کوردستان