بە هەڕەشە و زۆرەملێ زیندانیان ناچار دەکرێن بە دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ۲۹ ی بانەمەڕ بەرپرسانی بەندیخانەکانی سنە ، دیزڵاوای کرماشان و ورمێ  بەندکراوان لە حەوشەی زیندانەکاندا کۆدەکەنەوە و هەڕەشەیان لێ دەکەن کە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار نەبن ، سزا دەدرێن و چاووپێکەوتنیان لە گەڵ بنەماڵەکانیان ڕادەوەستنن و ئیزنی چاووپێکەوتنیان نادرێت .

لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان بەرپرسانی بەندیخانە بە زیندانیان ڕادەگەیەنن کە ئەگەر بەشداری هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری نەبن بۆ ماوەی مانگێک لە چاووپێکەوتنی ڕاستەوخۆ و تەنانەت چاووپێکەوتنی پشت شیشەیش بێبەری دەکرێن .

هەروەها بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ ڕایاگەیاندوە کە بەشداری کردن بەندکراوانی ئەم بەندیخانە لە هەڵبژاردنەکانی سەڕۆک کۆماری و شۆراکاندا زۆرەملێیە و ئەگەر بەندکراوێک لە ڕۆژی هەڵبژاردندا دەنگ نەدات بۆ ماوەی ۳ جار  لە چاووپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەری دەکرێت و دووپاتیان کردوەتەوە کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا و دەنگدان بۆ هەموو بەندکراوان زۆریە و دەبێت دەنگ بدەن .

هەر لەم چوار چێوەدا هاتوە کە بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە ، بەندکراوانی بەندگەلی جۆراوجۆریان لە حەوشەی زینداندا کۆکردوەتەوە و هەڕەشەیان لێکردوون کە ئەگەر دەنگ نەدەن ئیزنی چاووپێکەوتنیان لە گەڵ بنەماڵەیاندا پێنادرێت .

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان