بەختیار مێعماری زیندانی کورد کە بە سێدارەدان سزا درابوو ئازاد کرا

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، بەختیار مێعماری بەندکراوی سیاسی کورد خەڵکی مەریوان کە لە ساڵی ۱۳۸۹ دەستبەسەر و بە سێدارەدان سزا درابوو ، سەر لە بەیانی ڕۆژی سێ‌شەممە ۲٦بانەمەڕ ۱۳۹٦ی هەتاوی ، ئازاد کرا.

بەختیار مێعماری لە لایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەریوانی  ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دادوەری “لۆتفی ” بە تۆمەتی مۆحاربە(شەڕ لە گەڵ خودا) لە ڕێگای ئەندام بوون لە یەکێک لە پارتە کوردیەکاندا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئێعدام سزا درابوو. سزای سێدارەی ناوبراو لە ڕێکەوتی ۲۱ بانەمەڕی بە فەرمی لە بەندیخانەی سنە ڕاگەیاندرا.

ناوبراو لە ڕێکەوتی۱۳ گەلاوێژی ساڵی ۸۹لە شاری مەریوان بە دەستی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەریوان دەستبەسەر و ڕۆژی دوواتر ڕەوانەی گرتوخانەی ئیدارەی ئیتلاعات سنە کرا و پاش سێ مانگ ڕاگرتن و ئەشکەنجە و ئازار و لێپرسینەوە لە کاتێکدا کە مافی چاووپێکەوتن و تەلەفوونی قسەکردنی لە گەڵ بنەماڵەی نەبوو ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرا .

کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر چالاکی سیاسی لە سێدارە داوە و زۆر کەسی دیکەی بە زیندانگەلی درێژ خایەن سزا داوە.

 

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان