خۆکوژی و ئازار گەیاندن بە خۆ لە بەندیخانەی سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بەندکراوانی زیندانی سنە بە هۆی ناهەستیاری بەرپرسانی ئەو بەندیخانە بە داخوازی و داواکاریە یاساییەکانیان بە شێوەی مانگرتن لە خواردن ،خۆ کوژی و ئازارگەیاندن بە خۆیان (خودزەنی) ناڕەزایی خۆیان دەر دەبڕن و ئەمە لە حاڵێکدایە کە ۲۸ بەندکراو لە خاکەلێوەی ئەمساڵەوە تا ئێستا تووشی نەخۆشیگەلی گشتگیر بۆ نموونە هپاتیت بوون .

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە و بە پێی هەواڵی هەرانا ، بەندیخانەی سنە لەم مانگانەی دوواییدا پتر لە جاران زیندانیان داخوازییان هێناوەتە بەرباس و بە پێی وڵام نەدانەوەی کاربەدەستان ناڕەزایی بە شێوەگەلی جۆراوجۆر پتر لە پێش لە لایەن بەندکراوانەوە دربڕیاوە. کە هۆکاری سەرەکی ئازار گەیاندن لە لایەن بەندکراوانەوە بە خۆیان و دەستدان بە خۆکوژی دەگەڕێتەوە بۆ نادیاری چارەنوسی زیندانیان و وڵام نەدانەوەی بەرپرسانی قەزایی و زیندان بە بەندکراوان .

بۆ نموونە حسین کەریمی کە بە تۆمەتی مەست بوون لە بەندیخانەدا ڕاگیراوە و لەم مانگەدا پاش بێ وڵام بوونی داواکاریەکەی بۆ پشوو (مەرەخەسی) ، دەستی‌دایە ئازای خۆی و بە چەقۆ خۆی بریندار کرد .

هەر وەها سامان ئەحمەدی بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک و ئارمان خالدیان بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن پاش پێ نەدانی پشوو مانیان لە خواردن گرت.

ڕەزا جەلالی بەندکراوێکی دیکەیە کە بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک ، ۱۱ساڵە لە بەند دایە ، ساڵی ۹۳هەتاوی بنەماڵەی کوژراوەکە ڕەزایەتی پێدەدەن مخابن هەنوکەیش مەلەفی ناوبراو لە لقی ۲ی جێبەجێ کردنی سزا بە مەبەستی بڕیاری دادگا لە مەڕ سزای بەشی کۆمەڵایەتی تاوانەکە ، کە ناوبراو بە نوسینی نامەیەک بۆ بەرپرسانی زیندان باس لە ئەگەری مانگرتن لە خواردن دەکات لە ڕۆژانی داهاتودا.

مژارێکی دیکە کە زیندانیان وەک کێشەیەک دەیخەنە بەر باس قەدەغە بوونی لە بەرکردنی پانتۆڵی کوردیە ، ئەمە لە کاتێکدایە لە هەموو بەندیخانەکانی ئێراندا پانتۆڵ لە پێی دەکرێت بەڵام لە زیندانی سنە قەدەغەیە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەندکراوان خۆیان دەبێت تێچووی جلەکانیان بدەن .

بە هۆی نەبوونی کەرەسەی پێویست ، زۆر بوونی زیندانیان بە نیسبەت شۆێن و ڕێی بەندیخانە ، بەربەست دانان لە لایەن بەرپرسانەوە ، کێشەگەلێک وەک داخستنی گاز ، درووس بوونی نەخۆشگەلێک وەک بەردی گورچیلە و پڕۆستات ب هۆی ئاوی ناستاندار بۆ خواردنەوە ، جیا نەکردنەوەی زیندانیان بە پێی تاوان ،بێ ڕێزی و سووکایەتی و لێدان وهەڕەشە زیندانیان ، کوالێتی زۆر خوار و کەم بوونی پێداویستیەکان خواردەمەنی،  بە ڕوونی بە چەستەی زیندانیانەوە دیارە .

بەرپرسانی بەندیخانە حەبی متادۆن بە خۆڕای و بێ پێوانە ڕادەستی زیندانیان دەکرێت ، کە بە هۆی بڵاوکردنەوە حەبگەلی متادۆن (جێگری مادە سڕکەرەکان ) لە نێوان زیندانیان و بە هۆی نەبوونی هیچ چاوودێریەک بۆ درووست بکارهێنانی ئەو حەبە لە خاکەلێوەی ئەمساڵەوە تا ئێستا ۲۸ کەس لانیکەم تووشی هپاتیتB بوون .

بەرپرسانی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە جێگای زۆرتر و پتەوکردنی چاودێری بە سەر شێوازی بەکارهێنان حەبگەلی متادۆن ، چارەسەریان ئەو کێشەیان لە ئازاد کردن و فەراوانکردنی ئەو جۆرە دەرمانانەدا دیوەتەوە و لە ئێستدا ڕۆژانە بە ڕێژەیەکی بەرچاوو ئەم حەبە لە زیندانی سنە بەکار دەهێنرێت و بڵاودەکرێتەوە .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان