هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، گووشارەکانیان لەسەر کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد کەم ناکەنەوە
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، شەوی ۱٦ لەسەر ۱۷ی بانەمەری ۱۳۹٦ی هەتاوی، هێزە ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نێوان درکەکانی و تاڵەجاڕی سەر بە شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەمینیان بۆ کۆمەڵێک لە کاسبکارانی ئەو ناوچەیە داناوە و لە کاتی گەیشتنی ئەو کاسبکارانە بۆ ئەو شوێنە، تەقەیان لێکردوون.
بەیانی ئەمڕۆ کە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە دەچن بە هانای ئەو کاسبکارانەوە، چاویان بە کەلاکی چەندین سەر ئەسپی کوژراوی کاسبکاران دەکەوێت.
سەرچاوەیەک پێی ڕاگەیاندین کە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر کوژران و بریندار بوون یاخود دەستبەسەر کردنی کاسبکاران و خاوەنی ئەسپەکان و چارەنووسی بارەکانیان لەبەر دەستدا نییە. هەمان سەرچاوە ڕایگەیاند کە ئەوڕۆ بەیانی یەکشەممە لە ناوچەی کانی خودای پیرانشار، هێزه ئینتیزامییەکان تەقەیان لە کۆمەڵێک کاسبکاری تر کردووە و هیچ شتێک لە ئەگەری کوژران و بریندار بوونیان نەزانراوە.
ڕۆژانە هەواڵی دەستدرێژی بۆسەر گیان و ماڵی کاسبکاران لە سەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاو دەکرێتەوە و ساڵانە بە دەیان کەس دەبنە قوربانی.
کۆماری ئیسلامی ئێران لەجیاتی دابین کردنی هەلی کار و پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان، بۆخۆی بووەتە سەرەکیترین هەڕەشە لەسەر کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد و ئەوەش دژە بە هەموو یاسا و ڕێسایەکی نێوو دەوڵەتیە کە هیچ دەوڵەتێک بۆی نییە مافی ژیان لە هاووڵاتیانی بستێنێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


