سەعید شێرزاد لە بەندیخانە ئازاد کرا

:KMMK

رۆژی شەممە ١٣ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، بەندکراوی سیاسی سەعید شێرزاد پاش بەسەر بردنی کاتی سزاکەی لە بەندیخانەی رەجایی شار ئازاد کرا.

بە پێی راپۆرتەکە: بەڕێز شێرزاد، چالاکی مافی منداڵانی سەرشەقام و کار لە مەودای سزای ٦ ساڵەی بەندکردنیدا تەنیا بۆ یەک جار ئەویش بۆ ماوەی ١٠ رۆژ و پاش تێپەڕ بوونی ٢ حەوتوو لە گیان لەدەست دانی دایکی پشووی کاتی وەرگرتبوو، پاش تێپەڕاندنی کاتی سزاکەی، لە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران ناسراو بە رەجایی شاری کەرەج ئازاد کرا.

ئەم چالاکە مەدەنیە لە بەڕواری ١٢ی جۆزەردانی ٢٧١٤ی کوردی لە شوێنی کارەکەی دەست بەسەر و بۆ ماوەی دوو مانگ لە ژورە تاکەکەسیەکانی بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئەوین سەبارەت بە بەرگری لە مافی مانداڵانی سەر شەقام و کار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی خرایە ژێر لێکۆڵینەوە.

ناوبراو پاشان بۆ بەندی ٢٠٨ گوازرایەوە و باش ماوەیەک بە بئ هۆکار دەنێردرێتە بەندیخانەی رەجایی شار. بەڕێز شێرزاد لە خەرمانانی ٢٧١٧ لە لقی ١٥ی دادگەی ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی « هاوکاری ژێرەکی، کۆبوونەوە و هەوڵ دژ بە ئاسایشی گشتی» سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراو و ئەم سزایە لە دادگەی پێداچوونەوە وەک خۆی هەڵبژێردرایەوە.

ئەم بەندکراوە مەدەنیە چەندین جار بە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی بۆ بەشە هەرە ئەمنیەتیەکان بەندیخانەی رەجایی شار گوازاوەتەوە و بە هۆی هەڵسووکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی بەندیخانە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن بۆ ماوەی ٢٠، ٥٢ و ٥٣ رۆژ و لە ماوەی مانگرتنەکانی تووشی کێشەی تەندرووستی بووە.

دۆسیەی ئەم چالاکەی مافی منداڵان لە بەندیخانە بۆ جارێکی تر لەلایەن بەرپرسانی دادوەری لێی کۆڵراوەتەوە و بە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی و گیاندنی یارمەتی بۆ بوومەلەرزە لێداوانی پارێزگای ئازەربایجان (بە تۆمەتی سەفەر کردنی بە کۆمەڵ) لە ساڵی ٩١ بە یەک ساڵ بەندکردنی مەرجدار و یەک ساڵ بەندکردن لە بەندیخانە سزا درا.

بە پێی راپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: لە بەڕواری ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧١٩ی کوردی سزای بەندکردنی ناوبراو کۆتایی پئ هاتووە. بەڵام بە هۆی دژایەتی دادوەری بەندیخانە پشووی ناوبرو دوا خراوە و ئازادکردنی بۆ ١٣ گوڵان درێژ کرایەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: