سێ‌هەزاروچل‌وهەشت(۳۰٤۸) کەڕەت مافی کرێکاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشێلکراوە.

سەرەڕای پێشلکاری مافی کرێکاران لە جیهاندا ، کرێکارانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چەند بەرابەر مافیان پێشێل دەکرێت . کە بنەمای ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ ڕوانگای ئەمنیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە کۆمەڵگا و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

لە پەیوەندی لە مەڕ ئەم مژارە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وەک نەریتی هەر ساڵە لە ڕۆژی یەکەم مانگی “مەی‌”دا (۱۱بانەمەڕ) ،ڕۆژی جیهانی کرێکاران بە ئاماژە بە بەڵگەگەل و ئامارگەلی باوەڕ پێکراو کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوبونەتەوە ، ڕاپۆرتێکی لەم بوارەدا ئامادە کردوە لە ساڵی ڕابردوودا (۱۳۹٥هەتاوی) ، کە بە کورتی ڕایدەگەیەنێت ؛

لە ساڵی ۱۳۹٥دا سێ‌هەزاروچل‌وهشت کەڕەت ماف کرێکاران پێشێلکراوە  و ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم ئامارگەلە تەنها ئەو هەواڵانەی کە لە لایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە تۆمار کراون دەخاتە بەر چاوو و بە هۆی سانسۆڕگەلی دەوڵەتیەوە و بەرگری کردن لە بڵاوو بوونەوەی هەواڵی پێشێلکاری مافی مرۆڤی ، kmmk لە سەر ئەو باوەڕەیە کە پێشێلکاری مافی کرێکاران چەندها بەرابەر زۆرترە لە ئامارانەی کە لە بەردەستان .

دەرکردنی کرێکاران لە ئیشوکار ۲۹٤٤ ، ڕووداوی کاتی کار کردن ۲٤ جار ، دەیان کەڕەت خۆکوژی کریکاران تۆمار کراوە ،۷۳ جار دەربڕینی ناڕەزایی لە لایەن کرێکارانەوە و دەستبەسەری و بەندکردنی کرێکاران پتر لە ۱۹چالاکی کرێکاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامارگەلێکی دیکەن کە پێشێکاری ڕاشکاوانەی مافی مرۆڤ دەسەلمێنن و تۆمار کراون.

هەر وەها لە ساڵی ڕابردوودا دەیان کۆڵبەر کە بە پێی یاسای کۆماری ئیسلامی هیچ جۆرە پێناسەێیکی یاساییان بۆ دیارینەکراوە و لە ڕووی ناچاری و بە مەبەستی دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانە ڕوو دەکەن لە سنورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و دەکوژرێن و یان بریندا دەبن .

لە ساڵی ۱۳۹٥ ، ۹٦ کۆڵبەری کورد لە سنوورگەلی جیاوازدا کوژراون و ٦٤ کۆلبەری دیکە بە هۆکارگەلی جیاواز وەک هەڵهاتن لە دەست هێزەکانی کۆماری ئسلامی ئێران ، داکەوتن لە بەرزایەکانەوە ، هەرەسی بەفر و لافاو و …بریندار بوون .

جێگای ئاماژەیە کە بە هۆی نەبوونی کارگاگەلی پیشەیی و تەرخان نەکردن بووجەی پێویست بۆ ئاوەدان کردنەوەی بنەمای ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بێکاری لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پلەگەلی سەرەکی پانتای جۆغرافیایی ئێراندا جێگا دەگرن و هەر بەو هۆیەشەوە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕیزی شارە هەژارەکان ئێراندا خۆیان دەبیننەوە .

بە پێی ئامارگەلی دەزگای دەسەڵات پارێزگاکانی کرماشان ، سنە وئیلام  لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ، لە ڕێز بەندەنی ڕێژەی شارۆمەندانی خاوەن بیمە(بەڵگەی پشتیوانی کۆمەڵایەتی و تەندرووستی) کەمترین شارۆمەندی دارای بیەیان هەیە.

زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە ستەم و چەوساندنەوەی لە ڕادەبەدەر دژی گەلی ڕوژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە ڕێوەدەچێت کە هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوەبۆ زێهنیەت و تێڕوانین و پڕاکتیزەکردنی سیاسەتی هەڵاوردن دژی گەلانی بندەستی پانتای ئێران بە تایبەت گەلی کورد لە لایەنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و لەم چوار چێوەیەدا پارێزگاکانی ئیلام ،کرماشان و سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە پلەگەلی سەرەکی ڕێژەی بێکاریدا جێگا دەگرن .

جیاوازی و هەڵاوردن لە هەموو بەشەکانی ژیاندا بەرچاوە بۆ نموونە نەبوونی مافی کۆبوونەوەی و ڕێخستنی کرێکاری، کاروپیشە و خویندن ، پزیشکی و دەرمان ، کە لە ژێر کاریگەری سیاسەتەگەلی نەشیاو و دژبەرانەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، و ئەمانە نموونەگەلێکی سەلمێنراون بۆ ئەوی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەژاری و بێدەرەتانیدا بژین .

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان