بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بەیانی ئەوڕۆ دووشەمە ۱٤ی خاکەلێوە، لە گووندی”وسووکەڵ”ی سەربە شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوتابخانەیەکی ۲ کلاسەی تەپەدۆر( کانکس )، بەهۆی ڕژانی نەفتی سۆبەکەوە ئاگری تێبەربوو و بەتەواوی سووتا. بە گوێرەی سەرچاوەیەک لەو ئاواییە و گێڕانەوەی مامۆستای قوتابخانەکە، بەیانی لەکاتێکدا قوتابێکان لە ژووری وانە کوتنەوە ئامادە دەبن، مامۆستاکە چاوی بە ئاگرەکە دەکەوێ، سەرەتا هەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنی دەدا، بەڵام ئاگرەکە هەر گەورەتر دەبێت و بەناچاری منداڵەکان لە پەنجێرەکەوە دەنێرێتە دەرێ و بەخۆشحاڵییەوە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نابێت و تەپەدۆرەکە(کانکس)بە یەکجاری دەسووتێ.
لە ئاوایی وسووکەڵ ٤۰ بنەماڵە دەژین و هیچ قوتابخانەیەکیان نیە و تەنیا تەپەدۆرێکی کاتییان بۆدانابوون.
شایانی باسە کە ئاگرگرتنی قوتابخانەی شیناوای شاری پیرانشار، یەکێک لە گەورەترین ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بوو لە نێو قوتابخانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بووە هۆێ سووتانی چەندین منداڵ کە هەتا ئێستاش حکوومەت لێی بێ دەنگە.
بەپێی ئامارەکان یەک لە سەر سێی قوتابخانەکانی ئێران ستاندارد نین کە ئەو ڕێژەیە لە کوردستان لەوەش زۆرتر و مەترسیدارترە. پارێزراوی و تەندرووستی قوتابخانەکان یەکێک لە بنەماکانی هەبوونی قوتابخانەیە. قوتابخانەی پیس و ناتەندرووست ویستی منداڵ بۆ فێربوون دێنێتە نزمترین ئاست و ڕێگری لە پێشکەوتنی منداڵ دەکات. ئەگەر لە قوتابخانەکان، ئاوی خواردنەوەی خاوێن، ئاودەستی پاقژ، جێگای فراوان، کەلوپەلی تەندرووست وستاندارد و ئامێری گەرمکەرەوەی باشی لێ نەبێ، ئەوە ژیان و تەندرووستی منداڵان دەکەوێتە مەترسییەوە و قوتابخانەی کۆن و بەکارنەهاتوو توانای بەرگریکردنی لە سەرما و گەرمای وەرزی زستان وهاوین دانییە.
کۆماری ئیسلامی ئێران بەچاوی ئەمنییەوە دەڕوانێتەڕۆژهەڵاتی کوردستان و خۆی لە هەموو جۆرە خەرجیەک بۆ کەرتی ڕاهێنان و پەروەردە و هەروەها دابین کردنی هەلی کار دەبوێرێت و بە بەردەوامی گرتن و زیندانی کردنی چالاکانی سیاسی، لەحەولی ناجێگیر کردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایە.
“کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان”