ئێعدامی دووزیندانی لە زیندانی ورمێ/شەش زیندانی لەماوەی حەوتوویەکدا ئێعدام کران/ئەگەری ئێعدامی سێ زیندانی دیکە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ئەوڕۆ ۱۶ی ڕەشەممەی ئەوساڵ دووزیندانی کورد کەودێنێ گوازرابوونەوە بۆژووری تاکەکەسی، هەڵواسران.

ڕەمەزان سەبزی خەڵکی شاری ماکۆ ویوسف عەلیزادە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتۆمەتی کوشتن ئێعدامیان بەسەردا سەپێنرابوو، حوکمی ئێعدامی (قصاص)ی ئەم دوو زیندانییە ئەوڕۆ جێبەجێ کرا.

کوتراوە سێ بەندکراوی کەبەتۆمەتی (قتل سریالی) کوشتنی زنجیرەیی ئێعدامیان بەسەردا سەپێنراوە، ئەگەری ئەوە هەیە لەڕۆژانی داهاتوودا حوکمی ئێعدامی ئەم سێ زیندانییە جێبەجێ بکرێ. ئەم سێ زیندانییە خەڵکی کرماشان، سنە و ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستانن.

جێگەی باسە ڕۆژی ۱۴ی ڕەشەممەیش دووزیندانی دیکە بەناوەکانی (ناجی جوان) خەڵکی گوندی «ماوانە»ی سەربە ورمێ و (موحەڕەم عیشقی) خەڵکی گوندی «هەنگوێ»ی سەربە ورمێ لەساڵی ۹۲ لەدوو دۆسییەی لێک جیاوازدا بەتۆمەتی هەڵگرتن وگواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان دەسبەسەر وبەئێعدام کرابوون وحوکمەکەیان جێبەجێ کرابوو.

هەروەها ڕۆژی سێشەممۆ ۱۰ی ڕەشەممە دوو زیندانی مەحکووم بە ئێعدام (قصاص) بەناوەکانی ئەفشین شەوکەتی و عەلی وەلیزادە لەم زیندانە ئێعدام کرابوون.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان