گردبوونەوەی ناڕەزایی گوندنشینانی گومارەلەنگ

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ئەوڕۆ دووشەممۆ ۲۵ی ڕێبەندانی ۱۳۹۵ خەڵکی گوندی گومارەلەنگ لەبەشی سەرشیوی شاری مەریوان لەپێوەندی لەگەڵ گواستنەوەی وچاڵکردنی نابەجێی زبڵی ناوشاری مەریوان لەو ناوچەیە، لەبەر بەخشداری دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕین.

بەپێی کوتەی یەکێک لەناڕازییان شوێنگەی چاڵ کردنی زبڵی مەریوان ودیاری کردنی شوێنی چاڵ کردنی زبڵ لەنێزیکی ئەو گوندە، بووە بەهۆی کێشە وگرفت بۆخەڵک ووەرزێرانی ئەو ناوچەیە.

گومارەلەنگ، گوندێک سەربە بەشی سەرشێوی مەریوان لەپارێزگای سنە لەسەر ڕێگەی مەریوان بۆسەقز هەڵکەوتووە. بەپێی ژمێریاری ناوەندی ئاماری ئێران لەساڵی ۱۳۸۵، حەشیمەتەکەی ۳۳۱ کەسە و ۷۰ بنەماڵەیشە.

ئەم ناوچەیە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی دارستانی بەربڵاو وڕووبارگەلی تەژی لەئاوە، کەچاڵکردنی نابەجێی زبڵەکان دەتوانێ کاریگەری گرانی لەسەر ژینگەی ئەم ناوچەیە هەبێ وئەم چەشنە لەسیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەچوارچێوەی کاول کردنی ژینگە وچۆڵکردنی ئەم ناوچەیەدایە. هەربۆیە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئەم چەشنە لەسیاسەتەکانی کاولکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕۆژهەڵاتی کوردستان مەحکووم دەکات وداوا لە چالاکانی ژینگە پارێز وخەڵکی ئەو ناوچەیە دەکات ئیزن نەدەن کەژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پترلەوە هێرش بکرێتەسەری.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان