خۆکوژی/ کچێکی مهابادی خۆی هەڵواسی

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ رۆژی شەممە ۲۳ ڕێبەندانی ساڵی ۱۳۹٥ هەتاوی، «پەریا محەمەدشێخە» بە هۆی کێشەی ناوماڵەوە دەستیدایە خۆکوژی و گیانی لە دەستدا.

دەکوترێت؛ پەریا ۲۲ ساڵان و خویندکارە بەشی ژمێریاریە و چەند مانگێکە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە.

ئامارگەلی سازمانی پزیشکی یاسایی ئێران پیشان دەدات کە پتر لە ٥٥٪ لە خۆکوژیەکان لە ناوی گەنجانی ژێر ۳۰ ساڵ ڕوودەدات کە پتر لە ٥۰٪ ئەم ڕێژەیە ژنان دەگرێتەبەر.

بە پێی ڕاپۆرتگەلی سازمانی تەندروستی جیهانی، ئێران لە خۆکوژیدا بە ڕێژەی ٦کەس لە هەر ۱۰۰۰۰۰ کەسدا لە پلەی ٥۸ی جیهاندایە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پارێزگای ئیلام بە ڕێژەی ۲٦ کەس لە هەر ۱۰۰۰۰۰ کەسدا و پارێزگای کرماشان بە ڕێژەی ۲۳ کەس لە ۱۰۰۰۰۰ کەسدا لە پلەگەلی یەکم و دوومدا لە پانتایی جوغرافیایی ئێراندا جێدەگرن.

جیاوازی نێوان ژن و پیاو لە کۆمەڵگادا، سەروەری یاساگەلی نێر سالارانە هۆکاری سەرەکی خۆکوژین، بە تایبەت لە ناو ژنان و منداڵاندا، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چارەسەری ئەم دیاردە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی هەڵنەهێناوە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان