بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ چوار شارۆمەندی خەڵکی سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بۆ پارتەکوردستانیەکان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان (تلگرام)، بە گشتی ئەم چوار کەسە بە ۲ ساڵ و٦ مانگ زیندان سزا دران.
لە هەواڵکەدا هاتوە کە دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سەقز بۆ چوار کەس لە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بە تۆمەتی ڕێخستنی تۆڕی کۆمەڵایەتی لە بەرژەوەندی پارتگەلی کوردستانیدا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، بڕیاری سزای زیندانی دەرکردوە. کە تەنها بەڵگە بۆ بە تاوانبار ناسینی ئەم کەسانە لە ڕێگای کەسانێکی نەناسراوەوە کە بە ئەندامیەتی لەم گروپگەلەدا کۆمێنتیان بۆ بەڕێوەبەرانی ئەم گروپگەلە نوسیوە و وێنەیان لە وڵامی ئەم کەسانە هەڵگرتوە و ئەم وێنەگەلە لە مەلەفی ئەم چالاکانەدا تەنها بەڵگەیە و لە لایەن دادگای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەم وێنەگەلە بە بەڵگەی تاوان ناسراون.
لە بڕیاری دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ناسر ڕەحیمی، هێمن حۆسینی، کامیل شەریفزادە هەر کامیان بە ٦مانگ زیندان و غەریب شەریف زادە بە ساڵێک زیندان سزا دراوە.
لە پەیوەندی لە گەڵ ئەم پرسەدا هیوا دەستباز چالاکێکی دیکەی تۆڕی تلگرام، کە هاوڕێ لە گەڵ ناوبراوان لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەقز دەستبەسەر کرابو و پاشان بە دانانی بارمتە ئازاد کرابو تا ئێستا سزا نەدراوە و بڕیاری دادگا نادیارە.
جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە کامیل و غەریب شەریفزادە پێشتر بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ پارتێکی کوردستانیدا لە ساڵی ۹۱ هەتاوی هەر کامیان بە ۲۸ مانگ زیندان سزا درابوون کە پاش تێپەڕکردنی سزا بە بارمتەی ۱۰۰ ملیون تمەنی ئازاد کرابون.
جێگای سەرنجە کە ماوەیەک پێش سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندبوو کە ۱۸۰۰۰ کەس سیخۆڕی ئینترنێتی بۆ دۆزینەوەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران کەڵکیان لێوەردەگیرێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


