بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: کازم غەریبابادی جێگری نێودەوڵەتی ناوندی مافی مرۆڤی سیستەمی قەزای کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی باڵوێزانی ۳۰ی وڵاتدا ڕاگەیاند کە ۹۳٪ لەسێدارەدانەکان لە ئێراندا پەیوەندی بە مادەهۆشبەرەکانەوە هەیە، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر«محەمەد جەواد لاریجانی » لە ساڵی ۱۳۹۳ی هەتاویدا لە وڵامی«سباستیەن کورتز » وەزیری دەرەوەی ئۆتریش (نەمسا) لە مەڕ ڕێژەی بەرزی لە سێدارەدانەکانی ئێراندا،
کوتبوی: نیزیک بە ۸۰٪ ئێعدامەکان لە ئێراندا پەیوەندی بە دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە مادەهۆشبەرەکانە هەیە و ئەمە پیشاندەدات کە ئێمە جیددین بۆ بەرنگاری ئەم دیاردەیە.
سەرەڕای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی ڕێژەی زۆری ئێعدامەکانیەوە جێگای ڕەخنەی توندوگرانی وڵاتانی جیهانە.
کازم غەریبی لە درێژەی کوتەکانیدا دەڵێت: وڵاتانی دیکە دەبێت وریا بن و لە ئەزمونی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگادار بن و ئێمە ڕامانگەیاندوە کە ئامادەین ئەزمونی خۆمان پێشکەش بە وڵاتانی دیکە بکەین.
کازم غەریبابادی دەیشڵێت؛ «خاڵێک کە دەبێت ئاماژەی پێبکرێت ئەویە کە سزای سێدارە و بە گشتی ستاندنی گیانی مرۆڤەکان لە سیستەمی یاسای و سزایی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بە گشتی بە۳ بەش، دابەش دەکرێن؛ بەشێک سزاگەلی پەیوەندیدارە بە ترۆریزمەوە، بەشێکی دیکە پەیوەندیدارە بە سزاگەلی مادەهۆشبەرەکانەوە و بەشی سێیەم مژاری قەساسە (کوشتن بە کوشتن وڵامدانەوە) کە فەرمانێکی ئیسلامیە و بەم هۆیەوە ئەم بەشە ئێمە بە ئێعدام ناودێری ناکەین.»
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


