بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ حەمدوڵا بەیگی ، نوێنەری دەست نیشانکراوی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامی شۆرای باڵای پارێزگاکان کوتویەتی؛ ئیلام پلەی یەکەمی ڕێژەی خۆکوژی لە ئێراندا هەیە و پایتەختی خۆکوژی ئێران ناودێر دەکرێت . و هۆکاری سەرەکی ڕێژەی زۆری ئەم دیاردەیە دەگڕێتەوە بۆ هەژاری و نەداری.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە ناوبراو لە ۳٦ مین کۆبونەوەی گشتی شۆرای باڵای پارێزگاکان کوتی؛ پارێزگای ئیلام سەرەڕای ئەوی کە خاوەنی چەند بەنداوێکە بۆ نموونە ،سیمرە ، کەرخە ، چەمگردڵان و چەند بەنداوی دیکە بەڵام لە ئاوی خواردنەوە بێوەرین (بێبەشن) و وەرزێڕان بۆ کشتوکاڵ پێویستیان بە ئاو هەیە ، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئاوی پارێزگای ئیلام ڕەوانەی پارێزگاگەلی ناوەندی ئێران دەکرێت.
زۆربەی کارناسانی بواری ئابور لە سەر ئەو باوەڕەن کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرچاوەی سروشتییە بۆ دابین کردنی ئاوی خواردنەوە و ئاوی کشتوکاڵ و بە پێی شمانەی کارناسان ئەم سەرچاوەنە دەتوانێت سەرچاوە داهاتی زۆربەی شارۆمەندان بێت.
بەڵام بە هۆی تێڕوانینی ئەمنی لە هەمبەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ، ئەم سەرچاوەگەلە بۆ گەشە کردن کوردستان کەڵکی لێوەر ناگیرێت و بەڵکوو بە تاڵان دەبرێت ، تا ڕادەیەک کە تەنها ۸٪ لە ئاوە پاشەکەوتکراو لە بەشی کشتووکاڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کەڵکی لێوەردەگیرێت و ۹۲٪ی دیکە ڕەوانەی پارێزگا ناوەندیەکانی ئێران دەکرێت. لە ڕاستیدا سەرچاوە سرۆشتیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئاوەدان کردنەوەی بەشگەلی دیکەی ئێران بەکار دەهێنرێت. و هەژاری و بێکاری لەم سەرچاوە سروشتیانە بوە بە ، بەشی شارۆمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
تا ڕادەیەک کە زۆربەی وەرزێڕانی کوردستان بوون بە کڕێکارانی کاتی(وەرزی) و ناچار بە کۆچکردن لە گوندەکان و نیشتەجێی گەرکە هەژار نشینەکانی شارەکان بوون .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان