بە پێی ڕاپۆرتگەلی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکات بە کردنەوەی قوتابخانەکان لە ناوچە لێقەوماوەکانی کرماشاندا دەستیکردوە بە پڕوپاگەندای ئایدۆلۆژیک – سەربازی .
لەم کردەوەیەدا کۆماری ئیسلامی ئێراندا کەلوپەلی تایبەتی خویندنی منداڵان کە بە وێنەی هێزەکانی سپای پاسداران ڕازاوەتەوە لە ناوچە لێقەوماوەکانی بومەلەرزێدا بڵاو کراونەتەوە.
بە پێی بڕیاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرپرسایەتی نۆژن کردنەوەی ناوچە زیان بەرکەوتوەکانی گرتوەتە ئەستۆ و بڕە پارەی ۳۰۰ ملیارد تمەنی وەرگرتوە .
ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی پەروەردە دەبوا ئەو ئەرکەی پێ سپێردرابا.
سپای ” نەبی ئەکرم کرماشان” کە بە وەرگرتنی پارەیەکی زۆر کردنەوەی قوتابخانەکانی لە ناوچە زیان لێکەوتوەکاندا گرتوەتە ئەستۆ ، مخابن ئەو هێزە سەربازیانە لە نێو منداڵاندا کەلوپەلی خویندن بڵاو دەکەنەوە بە جۆرێک کە ئەو کەلوپەلانە بە وێنە و سەمبل و وەبیرهێنانەوەی ” شەهیدانی حەرەم” ڕازاونەتەوە . ئەو وێنە و سەمبلانە زۆربەیان سەبارەت بە وێنەی کەسانێکن کە لە سوریەدا بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە بشار ئاسەد کوژراون کە هەر ئەو هێزانە چەندین کەڕەت شارۆمەندان و گەلی سوریایان کۆمەڵکوژ کردوە .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان