لە ساڵى ڕابردوودا لە باکوری کوردستان ٤٦ هەزار و ٢٩٢ پێشێلکاریى مافى مرۆڤ لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراون

بەپێی گوزارشتی  لقی کۆمەڵەى مافى مرۆڤ (ئیهاد) لە شارى ئامەدى باکووری کوردستان کە نوسخەیێکی گەیشتۆتە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان تەنیا لە یەک ساڵ دا ٤٦ هەزار و ٢٩٢ پێشێلکاریى مافى مرۆڤ لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دژ بە گەلی کوردستا لە باکوری کوردستان ئەنجامدراون.

ڕاجى بیلیجى سەرۆکى لقى کۆمەڵەى مافى مرۆڤ (ئیهاد) لە شارى ئامەدى باکورى کوردستان ڕایگەیاند، ئەو پێشێلکارییانەى کە ڕوویاندووە وێنەى دۆخێکى ترسناکە. لەسەر ئەو پێشێلکارییانە سکاڵایان تۆمار کردووە و بەردەوامیش دەبن لە سەر بە دواداچوون بۆ خستنەڕووى ڕاستییەکان.

بیلیجى ئەوەشى خستەڕوو “گۆڕینى خاڵەکانى دەستوورى تورکیا لە دژى داوا بنەڕەتییەکانى کۆمەڵگایە، چونکە ئەو گۆڕانکارییانە خزمەت بە دیموکراسیکردنى تورکیا ناکات.

لە ڕاپۆرتى ساڵانەى کۆمەڵەى مافى مرۆڤ (ئیهاد)دا پێشێلکارییەکانی حکومەت و هێزە ئەمنییەکانى تورکیا لە باکووری کوردستان بەمشیوەیەى خوارەوە خراونەتەڕوو:

 پێشێلکارى بەرامبەر بە میدیا

لە ساڵى ٢٠١٦دا و لە چوارچێوى کارکردن بە یاساى بارى نائاسایدا گوشار، توندوتیژى، ئەشکەنجە، ماوەى دەستبەسەرگرتن و ڕاگرتن و لە ئەنجامدا پێشێلکارییى مافەکانى مرۆڤ زیادیکردووە.  ١٣١ ڕۆژنامەنووس دەستگیر و زیندانیکراون. ڕێگرى لە ڕۆژنامەنووسان کراوە، کە مافى کارى ڕۆژنامەنووسى بۆ خستنەڕووى ڕاستییەکان بەکاربهێنن و هەواڵ و زانیارى بڵاو بکەنەوە.

 دەستگیرکردن و زیندانیکردن و  زیندانییە نەخۆشەکان

لە ساڵى ٢٠١٦دا ١٠ هەزار و ٢٥٩ ئەندامی ڕێکخراوەکان یەک لە دواى دەستگیر و دواتریش زیندانیکران. ٩٥٦ ئەندامى ڕێکخراوەکان لە کارەکانیان دەرکراون. ١٤٥ فەرمانبەریش سزا دراون و ١٥ کەسیش لە زێدى خۆیان دوورخراونەتەوە. سکاڵا لە دژى سەدان مامۆستا تۆمار کراوە و سزا دراون.

مافى ٥٤ زیندانى لە هەموو ڕوویەکەوە پشتگوێخراوە. مافى سەردانکردنى ١٣ کەس لە زیندانییەکان لە بنەماڵەکانیان سەندراوەتەوە. ٣٨ کەس گۆشەگیرکراون و دابڕێندراون لە دونیاى دەرەوە و تێکەڵبوون لەگەڵ زیندانییەکانى تردا. ٨٥ کەس بە بیانوى دیسپلین لە ناو زینداندا دووبارە سزا دراونەتەوە.

لە زیندانەکان ٩٠٥ زیندانیى نەخۆش ڕاگیراون، کە نەخۆشیى ٣٢٣ کەسى زیندانیکراویان قورسە و پێویستیان بە چارەسەرکردنى خێرا هەیە، بەڵام ئەو ژمارە زیندانییە لە دۆخى نەخۆشیدا ڕاگیراون و بەرەو مردن دەبرێن.

ساڵی توندوتیژى لە دژى ژنان و منداڵان

لە ساڵى ٢٠١٦دا توندوتیژى بەرامبەر  بە منداڵان زیادیکردووە و ڕۆژانەش ژن کوژراون. لەو ساڵەدا کوشتنى بە ئەنقەست، کوشتن بە بێ هیچ پاساوێک، بەکارهێنانى چەک لە دەرەوەى یاساش ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

لە ساڵى ٢٠١٦دا، ٣٠٤ کەس لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون. ١٣١ کەسیش برینداربوون. دوو کەسیش لەلایەن جەردەوانەکانەوە کوژراون و کەسێکش برینداربووە. شەش کەس لە دواى دەستگیرکردنیان گیانیان لە دەستداوە. شەش کەس لەلایەن کەسانى بکوژ نادیارەوە کوژراون و ١٤ کەسیش بریندار کراون، کە پێنج کەسیان منداڵە. ١١ کەس بە هۆى هەڵەى پۆلیسەوە کوژراون و حەوت کەسى تر بریندارکراون. دوو سەرباز خۆیان کوشتووە. حەوت پۆلیس و سەربازیش بەشێوەى گوماناوى مردوون.

دوو ئەندامى ڕێکخراوەکان و دوو ئەندامى بەڕیوەبەرى ناوچەیى بەهۆى هێرشى پۆلیسەوە کوژراون. هەروەها بەهۆى هێرشى پۆلسەوە شەش ڕۆژنامەنووس، ١٠ خوێندکار، بەڕیوەبەرێکى ناوچەیى ڕیکخراوێک، پزیشکێک و سێ کارمەندى کەرتى تەندروستى بریندارکراون.

ئامارى شەڕ لە ساڵى ٢٠١٦دا لە باکوورى کوردستان

لە ساڵى ٢٠١٦دا لە باکوورى کوردستاندا بە هۆى شەڕەوە  ٣٠ هاووڵاتى کوژراون و ٣٣ هاووڵاتى تریش برینداربوون. لە ئەنجامى پێکدادانەکانیشدا ١١٦ هاووڵاتی کوژراون و ٧٦٠ هاووڵاتیى تریش برینداربوون.

هەروەها لە ڕوودانى شەڕ لەسەر سنووردا ٣٤ کەس کوژراون و ٤١ کەس برینداربوون. بەهۆى بۆمبى فڕێدراوەوە دوو پیاو، دوو ژن و نۆ منداڵ کوژراون و پێنج پیاو، سێ ژن و ٢٩ منداڵیش برینداربوون. لە ماوەى ئەو ساڵەدا ١٦ پیاو، هەشت ژن و دوو منداڵ بەشێوەیەکى گوماناوى کوژراون و هەشت کەسى تریش خۆیان کوشتووە.

قەدەغەى هاتوچۆ و ناوچەى ئەمنیى تایبەتی سەربازی

لە ماوەى ساڵى ڕابردوودا ٧٤ جار چوونە دەرەوەى هاووڵاتیان لە مالەکانیان بۆ ناو کۆڵان و شەقامەکان قەدەغە کراوە. ٣٤ جار چەندین ناوچە کراون بە ناوچەى ئەمنیى تایبەت و سەربازى. لە هەشت ناوچەدا کە کرابوون بە ناوچەى سەربازى هەشت جار ئاگر لە دارستانەکان بەردراوە. چوار پێشێلکارییش بەهۆى ئۆپراسیۆنى هێزە سەربازییەکانەوە ڕوویانداوە. تا ئێستا چوار تەرمى ناوچەکانى ئۆپراسیۆن نەدراوەتەوە بە بنەماڵەکانیان. چوار جار سوکایەتى بە تەرمەکان کراوە. پێنج جار داواى گرەنتى لە بنەماڵەکان کراوە و بە گشتى ٢٥ پێشێلکارى تر ڕوویانداوە.

٥٢ ژن و ١٩ منداڵ بەهۆى توندوتیژییەوە کوژراون

بەهۆى توندوتیژییەوە لە ساڵى ڕابردوودا ١١ ژن خۆیان کوشتوە و دوو ژن هەوڵى خۆکوشتنیان داوە. لە ئەنجامى توندوتیژییەکانیشدا ٤١ ژن کوژراون و ١٤ ژن برینداربوون. دەستدرێژیش کراوەتە سەر شەش ژن.

لە ساڵى ٢٠١٦دا، نۆ منداڵ خۆیان کوشتووە. دوو منداڵ هەوڵى خۆکوشتنیان داوە. ١٠ منداڵ بەهۆى توندوتیژیى خێزان و کۆمەڵگاوە کوژراون و دوو منداڵ برینداربوون. دەستدرێژى کراوەتە سەر چوار منداڵ و ١١٠ منداڵى تریشى ئازارى سێکسى دراون.

حاڵەتى ئەشکەنجە

لە ساڵى ڕابردوودا ٢١٦ هاووڵاتی لە دواى دەستگیرکردنیان ئەشکەنجە دراون. حەوت هاووڵاتى لەلایەن جەردەوانەکانەوە ئەشکەنجە دراون. ١٣٨ هاووڵاتى لە کۆڵان و شەقامەکان ئەشکەنجە دراون. بە گشتى ژمارەى ئەو هاووڵاتییانەى لە ساڵى ٢٠١٦دا ئەشکەنجە دراون، گەیشتووەتە ٦٤٧ کەس.

 هێرشکردنە سەر ماڵى هاووڵاتیان

لە ساڵى ڕابردوودا هێزەکانى پۆلیس و سەربازی تورکیا هێرشیان کردووەتەوە سەر سێ هەزار و ٥٥٦ ماڵ. لە هێرشکردنە سەر ماڵاندا شەش هەزار و ٧١٠ هاووڵاتى دەستگیکراون کە ١٥٠ کەسیان منداڵ بوون. هەزار و ٦٤٨ هاووڵاتى لە داى دەستگیرکردنیان لە ماڵەکانى خۆیاندا، زیندانیکراون، کە ٤٠ کەسیان منداڵ بوون. لەلایەن ڕێکخستنیشەوە ١٧ کەس دەستگیرکراون.

 لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە لە دژى میدیا

لە ساڵى ڕابردوودا سێ ئاهەنگى شادى قەدەغە کران. ٩٤ پەخش ڕاگیران. ١١ دەزگاى میدیایى و پەخشى ڕاستەوخۆ ڕاگیران. ٣٤ ماڵپەڕ داخران. ٣٩ تەلەفزیۆن و ڕادیۆیش داخران. لێکۆڵینەوە لە ٥٧٥ ڕۆژنامەنووس کرا. سکاڵا لە دژى ٧٢ میدیاکار تۆمار کرا و ١١٤ کەس سزا دران.

 پێشێلکارى بەرامبەر بە ڕێکخراوەکان

لە ساڵى ٢٠١٦دا هێرش کراوەتە سەر ٤٧ حزب و نۆ ڕێکخرا و ٢٠ شارەوانى و چوار ڕێکخراوى ڕۆشنبیرى و پەروەردەیى. ١٧١ ڕێکخراو، ١١ ناوەندى ڕۆشنبیرى و پەروەردەیی داخراون. هێزەکانى پۆلیس ڕیگرییان لە ئەنجامدانى ٧٨ خۆپیشاندان و گردبوونەوە گرتووە و ٣٨ خۆپیشاندان و گردبوونەوەش قەدەغە کرا و بە گشتى ٢٨٠ ئەندامى ئەو ڕیکخراوانە دەستگیر و زیندانیکراون.

لەسەر کار دەرکردن و پێشێلکاریى بەرامبەر بە بژێویى هاووڵاتییان

لە ساڵى ٢٠١٦دا حکومەتى تورکیا لە باکوورى کوردستاندا هەزار و ٣٤٣ کەسى لەسەر کارەکانیان دەرکردووە. بەرامبەر بە هەزار و ٣٠٥ فەرمانبەر لێکۆڵینەوە ئەنجامدراوە. ١٠ هەزار و ٢٥٩ فەرمانبەر و کارمەند و ئەندامى ڕێکخراوەکان و دام و دەزگاکان لەسەر کارەکانیان دوورخراونەتەوە و بەردەوامیدان بەکاریشیان لە ٩٥٦ کەس قەدەغە کردووە. ١٦٠ کەسیش سزاى دارایى دراون و مافى دوو کەسیش خوراوە.

پێشێلکارى لە زانکۆکاندا

لە ساڵى ڕابردوودا لە زانکۆکانى باکوورى کوردستان ٢٧ لێپرسینەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسەوە ئەنجامدراوە و ١٢٥ کەس سزا دراون و چوار مامۆستا و سێ خوێندکار سزاى شەرمەزارکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.

 پێشێلکارى بەرامبەر بە شارەوانییەکان و دانانى قەیوم

حکومەتى تورکیا لە ساڵى ٢٠١٦دا لە شوێنى هاوسەرۆک شارەوانییەکانى دەبەپە لە باکوورى کوردستان ٥٢ کەسى کردووە بە سەرۆک شارەوانى و وەک قەیوم دەستبەکار بوون. لە ٢٠ شارەوانیدا ئەندامانى ئەنجوومەنى شارەوانى سەرلەنوێ دانراونەتەوە.

لە کاتى لێسەندنەوەى پۆستى هاوسەرۆک شارەوانى و دانانى قەیودا لەلایەن هێزەکانى پۆلیسەوە ٤٨٣ پێشێلکاری بەرامبەر بە هاوسەرۆکان و ئەندامانى ئەنجوومەنى شارەوانییەکان و فەرمانبەرى شارەوانییەکان ڕوویانداوە.

 بە گشتى لە ساڵى ٢٠١٦دا ٤٦ هەزار و ٢٩٢ پێشێلکاریى جۆراوجۆر لە شار و ناوچەکانى باکوورى کوردستان ڕوویانداوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

 

%d bloggers like this: