بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان،بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی هەڵسووکەوتی هێزەچەکدارەکانی تورکیا لەگەڵ کچێکی منداڵی کورد لەباکووری کوردستان تۆڕەیی وبێزاری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەڵایساندووە.
ئەم کچە منداڵە یەکێک لەدانیشتوانی شاری سوور لەباکووری کوردستان بوو کەلەکاتی هێرشی سپای تورکیا لەساڵی ۲۰۱۶ لەگەڵ هەڵسووکەوتێکی بەم چەشنە هۆڤانە ودژە مرۆیانە ڕووزەڕوو بوویەوە.
هەواڵنێری فۆرات لەهەواڵێکیدا باس لەوە دەکات:لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لەهەڵسووکەوتی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لەگەڵ گرووپێک لەخەڵکی سڤیل کەلەکاتی دەکار گرتنی باری نایاسایی وقەدەغەی هاتووچۆ لەیەکێک لەگەڕەکەکانی شاری سوور گرفتارببوون،شەپۆلێک لە دژکردەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.لەم گرتە ڤیدیۆیە دەبینرێ کە چەکرارانی تورکیا لەڕێی بڵیندگۆوە داوا لە هاوڵاتیانی لێقەوماو دەکەن کەجلەکانیان لەبەر دەربێنن.لەنێوان ئەم کەسانەدا کچێکی بچووک بەرچاو دەکەوێ کە هێزەکانی تورکیا داوای لێدەکەن بێتە پێشەوە تابەلادانی جلەکانی لەدوورەوە بیپشکنن.شێوازی هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەو کچە لەڕادەبەدەر دژە مرۆیانە وقیزەون وبێزارکەرە.
بەگوێرەی هەواڵەکە دایکی ئەم کچە منداڵە هەرلەو سەردەمەوە لەدەسبەسەریدایە. لەهەواڵەکەی فۆراتدا هاتووە کە کچە یازدەساڵەکە لە دیمانەیەکدا دەڵێ لەتاریکی هەوادا زۆر ترسابوو کەلەناکاو چەندد کەسێک نوور دەهاوێتە چاوانیان ولەڕێی بڵیندگۆوە داوایان لێکردن پێڵاوەکانیان دەربێنن وکراسەکانیان هەڵبدەنەوە.پاشان داوایان لەو کچە کردووە هەڵبستێ ودابنیشێتەوە وبەهێوری بەرەولای ماشێنی چەکدارەکان ڕێبکەوێ.
لێرەدا دەتوانن چاو لەڤیدیۆی ناوبراو بکەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان