ک.م.م.ک:
شەپۆلی بەرفراوانی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکیی هاوڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە، کە هاوکات لەگەڵ دەستپێکی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، چڕتر بووەتەوە، هێشتا بەردەوامە. لەگەڵ تێپەڕبوونی زیاتر لە چل ڕۆژ، چارەنووسی ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوان بە ناڕوونی ماوەتەوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی، ئەبولفەزل دەربەندی، سەعید یاری، حسێن بێهنامە، ئەمین فەرەجوڵڵاهی، سەعید نادری، بێهزاد ئەکبەری، یوسف قەتاوی و محەممەدئەمین نەزەری، کە سەرجەمیان خەڵکی ئاودانانن، بەبێ نواندنی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
هەر لەو ڕۆژەدا، سیرووس قوبادی، هاوڵاتیی خەڵکی سەراوڵە، بە شێوەیەکی هاوشێوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی، حەدیس ئەڵماسپوور، هاوڵاتیی خەڵکی ئیلام دەستبەسەر کراوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی یاسایی ئەو لەبەردەستدا نییە.
هەروەها ڕەزا فەتاحی، هاوڵاتیی خەڵکی بەدرە لە پارێزگای ئیلام و دانیشتووی کەرەج، کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار دەستبەسەر کراوە، هێشتا لە بێدەنگی و بێسەروشوێنیی ڕەهادایە و بنەماڵەکەی نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی بەدەست بهێنن.
سەرباری ئەمانە، سێ هاوڵاتیی کوردی خەڵکی شیروان لە پارێزگای خۆراسانی باکوور بە ناوەکانی ئەحمەد خاکسار، مەسعوود بابایی و حەسەن زارعی، کە لە ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، تا ئێستا لە بێسەروشوێنیی تەواودان و هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن، باری تەندروستی و دۆخی یاسایییان لەبەر دەستدا نییە.
ق.ش


