ک.م.م.ک:
لە بەردەوامیی شەپۆلی بەرفراوانی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاوڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە، لانی کەم نۆ هاوڵاتی لە شارە جیاوازەکان بەبێ نواندنی هیچ جۆرە حوکمێکی قەزایی دەستبەسەر کراون و چارەنووسی هەندێکیان هێشتا نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، وردەکارییەکان بەم شێوەیەیە:
- میاندواو: ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی، دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی ئەنوەر چۆپانی (٣٦ ساڵ) و بەهزاد عەبدی (٢٥ ساڵ) دەستبەسەر کران.
- ئیلام: عەلی نامیزاد و محەمەد مەهدی بڕاڵەک، لە ڕۆژانی ١٧ و ١٩ی ڕێبەندان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
- پیرانشار: ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناوی فەردین سەیدە بە هەمان شێوە دەستبەسەر کرا.
- مەلەکشاهی: دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی سولەیمان گرامی و سیکان ڕەوشەنی، کە لە ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، دەستبەسەر کراون، هێشتا لە دۆخێکی نادیاری یاساییدا ماونەتەوە.
- کامیاران و بجنورد: لە چارەنووسی ئیبراهیم ڕۆستەمی (خەڵکی کامیاران) و ئەمیر محەمەد سەرافراز (هاوڵاتیی کوردی خەڵکی بجنورد لە پارێزگای خۆراسانی باکوور) کە لە ڕۆژانی ١٩ و ٢٣ی بەفرانبار دەستبەسەر کراون، تا ئێستا زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.
ق.ش


