بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی سێشەممۆ ڕێکەوتی ۷ی بەفرانبار کچێکی گەنجی ۱۸ساڵ تەمەن لەگوندی پولیەی سەربە شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی”س.ر” بەهۆی هەژاری ونەداری وهەروەها کێشەی بنەماڵەوە دەستی دایە خۆکوژی وگیانی لەدەست دا.
بەگوێرەی توێژینەوەی کارناسان هۆکاری خۆکوشتنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان،بەهۆکاری هەڵاواردنی دیاروبەرچاوی یاسا ونەبوونی یاساو ڕێسایەک بۆ بەرگری لەمافەکانیانە.
لەهۆکارەکانی دیکەی خۆکوژییەکانی ژنانی کورد تۆمەت وسوکایەتی وقسە وقسەڵۆک ولێدان وبەشوودانی زۆرەملە وهۆکاری نامووسی،هەبوونی قەواری زاڵی سوننەتی وپیاوسالار وباوک سالار،تێهەڵچوونی گرژی بنەماڵەیی،بەشوودان وزەماوەندی ناجێگیر کە جیاوازی تەمەنیش لەواندا سەرسوڕهێنەرە،شەقاری بەرچاوی پێوەندی نێوان مناڵ وگەورەکانی،بێکاری کچانی خوێندەوار ولەبەرچاونەگرتنی چاوەڕوانییەکانیان،ڕوانگەی زاڵی پیاوسالاری کۆمەڵگا بەژنان وەکوو سامان ،دەسدرێژی وئازاری جنسی،زەماوەندی یەک لەدوای یەکی پیاوان، هەژاری ئابووری وکەلتووری وڕێژەی زۆری ئەندامانی بنەماڵە،دەمارگرژی ئایینی وسونەتی کۆمەڵگا،لەهۆکارگەلی بەرچاوی خۆکوژی ژنانە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان