لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی تۆمەتبار بە کوشتن لە عەلیگودەرز و خوڕەمئاوا بەبێ ڕاگەیاندنی فەرمی لە لایەن بەرپرسانەوە


KMMK:

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵی KMMK، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی٢٧٢٥، دوو بەندکراو بە ناوەکانی “گۆڵمیرزا نەجاتی” لە زیندانی ئێرانی عەلیگودەرز و یاوەر فەرهادی لە زیندانی ڕێژیم لە خورامئاوا کە پێشتر لە لایەن دادگاکانی تاوانەوە بە تۆمەتی کوشتن حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەبێ ڕاگەیاندنی فەرمی لە لایەن کاربەدەستانی قەزایی یان بەرپرسانی زیندانەوە هەڵواسران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە دەستمان کەوتووە، گۆڵمیرزا نەجاتی دوای دەستبەسەرکردن و دادگاییکردنی لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەیەکی کوشتن سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە زیندانی ئێران لە عەلیگودەرز حوکمەکەی جێبەجێکرا. خێزان و کەسوکارەکەی تا جێبەجێکردنی سزاکە زانیاری ڕوونیان لەبارەی پرۆسەی وردی دۆسیەکە و کاتی وردی سزاکەیان بەدەست نەهێناوە.

لە هەنگاوێکی هاوشێوەدا، یاوەر فەرهادی، زیندانییەکی دیکە کە بە تاوانی کوشتن سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، لە هەمان کاتدا لە زیندانی خورەمئاوا لە سێدارە درا. سەرچاوە سەربەخۆکان ناسنامەی ناوبراویان پشتڕاستکردۆتەوە، بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتداران هیچ لێدوانێکی فەرمی سەبارەت بە لەسێدارەدانەکەی بڵاونەکردۆتەوە.

نەبوونی ڕاگەیاندنی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە نیگەرانییەکانی لەبارەی شەفافیەتی دادوەری و مافی دەستگەیشتن بە زانیاری بنەماڵەی تۆماتباران و ستانداردەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە دروستکردووە. شارەزایانی مافی مرۆڤ جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بە نهێنی هێشتنەوەی پرۆسەی لەسێدارەدان لەگەڵ بنەما نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا ناگونجێت و پێویستی چاکسازی تۆخ تر دەکاتەوە.
E.Sh

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *