دەسبەسەری عومەر ئەحمەد«ڕەسووکە»هەواڵنێری کورد و ڕاگواستنی ناوبراو لە گەڵ تیمەکەی بۆ زیندانی ڕێژیمی ئێران لە ورمێ لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە

ک.م.م.ک:

یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ی کوردی، عومەر ئەحمەد، هەواڵنێری ناسراوی تێلەڤزیۆنی و جڤاکی خەڵکی هەرێمی کوردستان، ناسراو بە «ڕەسووکە»، لە ڕەوتی ڕووماڵکردنی فستیواڵی«بەیت و حەیران»، ی سەردەشت لەگەڵ هەموو تیمی ڕاگەیەندکارەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر و پاش لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئەو دامەزراوە ئەمنییە، بۆ زیندانی ناوەندی ئێران لە ورمێ ڕاگوازراوە. دەسبەسەری ئەم گرووپە هونەرییە لە کاتێکدا بووە کە پێشتر ئامادەبوونی خۆی لە فستیواڵەکانی مەهاباد و سەردەشت بەشێوەی فەرمی بە ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگەیاندبوو و وەڵامی ئەرێنی وەرگرتبوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار پشتڕاستی کردۆتەوە کە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ی کوردی، عومەر ئەحمەد، هەواڵنێری ٤٣ساڵ تەمەنی کەناڵی AVAمیدیا لە پارێزگای سلێمانیە لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ تیمە ڕاگەیەندکارەکەی کە پێکهاتوون لە سێ فیلم هەڵگر، لە ڕۆژی دووهەمی فستیواڵی«بەیت و حەیران» لە سەردەشت لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کراوە. ئەم گرووپە پاش ڕاگواستنیان بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا و لێپرسینەوە، بۆ زیندانی ناوەندی ڕێژیمی ئێران لە ورمێ ڕاگوازراوە و هەنووکە لە بەندێکی ئەم زیندانە ڕاگیراون.

بەپێی کوتەی ئەم سەرچاوەیە، دەسبەسەری ئەم هەواڵنێرە لە دۆخێکدا بووە کە ناوبراو بەر لە هاتن بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئامادەیی پیشەیی خۆی بۆ فستیواڵی مەهاباد و سەردەشت بە ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگەیاندبوو و مۆڵەتی پێویستی وەرگرتبەو. سەرەڕای ئەمە، ئیتلاعاتی سپا مۆڵەتێکی دیکەی خستۆتە بەرباس و تەنانەت پاش ناوبژیوانی قایمقامی سەردەشت ـ کە ڕایگەیاندبوو ئیدارەی ئیتلاعاتی ئاگاداری هاتنی ئەم تیمەیە و پێویست بە دەسبەسەری ناکات ـ هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا ڕێگریان کردووە لە ئازادی ئەم گرووپە هونەرییە.

عومەر ئەحمەد، ناسراو بە «ڕەسووکە»، لە کەسایەتییە ناسراو و خۆشەویستەکانی کۆمەڵگای کورد و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ناوبراو ساڵگارێک سەرقاڵی ئامادەکردنی هەواڵ و دیکۆمێنت لە گوندەکان، کەلتوور و ژیانی خەڵکە و وەکوو هەواڵنێرێکی جڤاکی دەناسرێت.

یازدەهەمین فستیواڵی« بەیت و حەیران»ی سەردەشت، کە بەشێک لە کەرتی بواری مووزیکی ناوچەکانی ئێران و بریتییە لە ژەنینی کۆڕاڵ و سۆلۆیە، لە ١١ تا ١٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ی کوردی بەڕێوە چبوو.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *