ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی هەواڵگریkmmk، فەرشاد سووری، هاوڵاتی دانیشتووی گوندی بالوو سەربە ورمێ، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەری٢٧٢٥ی کوردی، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە هێرش بەسەر ماڵەکەی دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە ورمێ ڕاگوازرا؛ تا ئێستە هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەری، شوێنی ڕاگیران یان ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی بڵاونەکراوەتەوە.
سەرچاوەکانی ئاگادار لە ڕووداوەکە ڕایانگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان بەبێ نواندنی هەر چەشنە بەڵگەیەکی قەزایی هەڵیانکوتاوە سەرماڵی فەرشاد سووری و دەسبەسەریان کردووە.
بەگوێرەی هەواڵەکان، لەکاتی دەسبەسەرییەوە، لەکاتی دەسبەسەری( شەشەمین ڕۆژ پاش دەسبەسەری) ئەم هاوڵاتییە لە مافی دەسڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی تێلەفوونی و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
بنەماڵە و کەسووکاری فەرشاد سووری، نیگەرانیان سەبارەت بە دۆخی تەندرووستی و چارەنووسی ناوبراو دەربڕیوە و خوازیاری دەسڕاگەیشتن بە زانیاری متمانەپێکراو لە لایەن بەرپرسانی قەزایی و ئەمنییەتیەوەن.
پێشینەی بنەماڵەیی: جەواد سووری برای فەرشاد، پێشووتر لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ی کوردی، لەلایەن پۆلیسی ئەمنییەتەوە دەسبەسەر و پاش چوار ڕۆژ بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو، ئەم حاڵەتە بووە بەهۆی دڵەڕاوکێی بنەماڵەکەی بەرانبەر بە چارەنووسی فەرشاد.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بەرپرسانی فەرمی ئیدارەی ئیتلاعات یان دامەزراوە قەزاییەکانی ئێران لە ورمێ، هیچ چەشنە ڕاگەیاندنێکی فەرمی سەبارەت بەهۆکار یان کاتی لێکۆڵینەوەی دۆسیەکەی نەنواندووە. ڕێخراوەکانی مافی مرۆڤی ناوخۆ و نێودەوڵەتی داوایان لە بەرپرسان کردووە کە بە خێرایی سەبارەت بە چارەنووسی ئەم هاوڵاتییە وڵام بدەنەوە و مافی سەرەتاییەکانی وەکوو، دەسڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیورندی لەگەڵ بنەماڵەکەی پارێزراو بێت.
ق.ش


