گیانی پارێزەر دوکتۆر ئەرسەلان بەهرامی لەبەر هەڕەشە گرووپە تونداژۆکان لە مەترسیدایە

ڕاگەیەندراوێک لە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بۆ ڕای گشتی، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ناوەندە مافی مرۆییەکان و هەموو ئازادیخوازان.

دوکتۆر ئەرسەلان بەهرامی، مافناس و پارێزەر و چالاکوانی مەدەنی، کۆمەڵایەتی و یاسا، خەڵک و دانیشتووی شاری سەقز، ماوەیەکە بەبۆنەی چالاکییەکانییەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بە قورسی کەوتۆتە بەر هەڕەشەی گرووپە تونداژۆ و سەلەفییەکان و هەڕەشەی لێدەکرێت و فەتوای لەسەر دەدەن. بەتایبەت لەم دواییانەدا بە بۆنەی هەڵوێستە یاسایی و نیشتمانییەکانی بەرانبەر بە بەتیرۆریست لە قەڵەمدانی کۆڵبەران و سووکایەتی و جنێو بە گرووپی هونەرگەی وڵات لەسەر فڕێدانی نیقابی داعشی و کاردانەوەی بەرێزیان، لە چەندد لاوە بەدەنگ و نامە هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە و ئەم هێدی هێدی لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا هەوڵ دەدرێت خەلافەتی ئیسلامی داعشی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بونیات دەنرێت و جگە لە ناوبراو تا ئێستە دەیان کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتوونەتە بەر پەلاماری ئەم گرووپە توندڕەوانە و چەندد کەسیش کوژراون، بۆیە هەموو لا ئاگادار ئەکەینەوە کە مەترسی جیددی لەسەر هەموو چالاکان گەشەی کردووە و هەڵوێستێکی گشتگیری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆیی پێویستە.
شیاوی باسە ئێمە دەنگ و نامەی هەڕەشەی ئەو گرووپانەمان لەلایەو زۆ بە چاوکراوەیی هەستاوین بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانی ئەم گرووپانە کە هەموویان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە ئاراستە دەکرێن بۆ دەمکوت، کوشتن و ناکاراکردنی بزاوتی چالاکانی کۆمەڵگەی کوردی و لە باربردنی سامانی نیشتمانی و وشیاری نەتەوەیی بەتایبەت پاش بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی.

جێی سەرنجە کە کاکڵی ئەم گرووپە توندڕەوانە لە مزگەوتی دەمامەی شاری بانە و تاقمێک مەلای سەلەفی و تونداژۆوە سەرچاوە دەگرێت و کۆماری ئیسلامی لەڕێی کاراکردنی ئەم گرووپانەوە وادەکات جگە لە سەرکوت و نەزۆک کردنی کۆمەڵگا، ڕەوایەت بۆ خۆی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی تاکی کورد کاتێک بەر پەلاماری ئەم توندڕەوە ئاراستەکراوانە دەکەوێت، پەنا ببات بۆ سیستەمی بەناو یاسایی کۆماری ئیسلامی کە بیانپارێزێت و خەڵک ئاوات بە بوون و مانەوەی ئەو دەسەڵاتە نگریسە بخوازێت کە جگە لە کوردستان و ئێران هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوینی تەژی کردووە کە تیرۆر و تۆقاندن.

شیاوی باسە کە دوکتۆر ئەرسەلان بەهرامی، دوکتۆرای مافناسی هەیە لە تاران دەژیا و تا ئێستە چەندد گەنجی کوردی لە ئێعدام ڕزگار کردووە و بەبۆنەی چالاکییە یاساییەکانییەوە و پشتیوانی لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە کارەکەی دوور خرایەوە و ئێستە نیشتەجێی شاری سەقزە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *