لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی کورد لە خوڕەمئاوا و کەرەج بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر

ک.م.م.ک:

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵی KMMK، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی پوشپەڕ و چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەر، حوکمی لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خوڕەمئاوا و قەزڵ حساری کەرەج بەڕێوە چوو. ئەو دوو زیندانییە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

ناو و ناسناوی ئەو کەسانە بەم شێوەیەن: زیندانی یەکەم بە ناوی کازم جەمشیدی تەمەن ٢٩ ساڵ خەڵکی خوڕەمئاوا کە چوار ساڵ لەمەوبەر دەستبەسەرکرابوو، بە تۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. بەندکراوی دووەم بە ناوی میسەم کەرەمی تەمەن نزیکەی ٣٥ ساڵ و لوڕ شەش ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی هەڵگرتنی ١٥ کیلۆ مادەی هۆشبەر دەستبەسەر و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەم لەسێدارەدانی نهێنیانە لە هەلومەرجێکدا ئەنجام دراون کە میدیای دەوڵەتی ئێران هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمییان لەو بارەیەوە تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەو هەواڵە نەکردووە.

ئەم جۆرە سزایانە – ئەنجامدانی سزای لەسێدارەدان بە کەمترین شەفافیەت و بەبێ زانیاری گشتی – هەمیشە ڕەخنەی بەرفراوانی کۆمەڵگەی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییە باوەڕپێکراوەکان، ئێران تا ئێستا لەمساڵدا (٢٠٢٥) زیاتر لە هەزار لەسێدارەدانی ئەنجامداوە – ژمارەیەک کە لەم دوایانەدا بە بێ وێنە دادەنرێت. ئەم ژمارەیە لە کۆی ژمارەی ئێعدامەکانی ساڵانی ڕابردوو زیاترە و لەلایەن زۆر کەسەوە وەک نیشانەی زیادبوونی بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە وەک ئامرازێکی سەرکوتکردن سەیر دەکرێت.

هەروەها ئێران لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٩٧٢ حاڵەتی لەسێدارەدانی ئەنجامداوە کە نزیکەی لەسەدا ٦٤ی سەرجەم لەسێدارەدانی تۆمارکراو لە جیهاندا پێکدەهێنێت. بەشێکی بەرچاو لەم سزایانە بۆ تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان بووە، زۆرجار لە دادگاکاندا کە تۆمەتبار بوون بە جێبەجێنەکردنی ستانداردەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە.

زۆربوونی ژمارەی ئێعدامەکان و بەئامانجکردنی کەسانی تۆمەتبار بە تاوانی ناتوندوتیژی، هاوکات لەگەڵ نەبوونی شەفافیەت لە پرۆسەی دادگاییکردن و لەسێدارەدان، بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، چەندین جار هۆشداری بدەن سەبارەت بە دۆخی ئێران و وەک نموونەی “ئیعدامکردنی نهێنی” و “کوشتنی سیستماتیکی لە زیندانەکاندا” لێکدانەوەیان بۆ کردووە.

ناوەندی هەواڵی KMMK بە ئاماژەدان بە ماددەی سێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە بە ڕاشکاوی دەڵێت “هەموو کەسێک مافی ژیان و ئازادی و ئاسایشی مرۆڤی هەیە”، بە توندی ئیدانەی ئەو لەسێدارەدانانە دەکات و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دەزانێت. پێویستە دەستبەجێ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە دژی هاووڵاتییانی کورد و کەمینەکانی دیکە بە تایبەت لە غیابی ڕێگەی یاسایی و قەزایی سەربەخۆدا ڕابگیرێت.

E.Sh

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *