ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکان، ڕەفیق سەلیمی چالاکی کرێکاری زیندانیکراو لە سنە، لە دۆخێکی پڕقەیران بەسەر دەبات، ناوبراو لەگەڵ هەبوونی کێشەی جیددی جەستەیی بەهۆی ئەشکەنجەوە، هێشتا لە وەرگرتنی دەرمان و خزمەتگوزاری پزیشکی بێبەرییە.
سەلیمی لە سەرماوەزی ٢٧٢٢ی کوردی، دەسبەسەر کرا و پتر لە پەنجا ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە لە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدا بوو. لە ئەنجام ئەم ئەشکەنجانە، ناوبراو تووشی خەساری جەستەیی وەکوو شان و گوێ بووە، بەم حاڵەشەوە تا ئێستە هیچ چەشنە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ چارەسەری نەکراوە.
دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە سنە، ناوبراوی بەتۆمەتگەلی وەکوو«افساد فی الارض»، و هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی بە دەساڵ زیندانی تەعریزی مەحکووم کرد، پاش پەسنەدکردنی حوکم ماوەی زیندانییەکەی بۆ ٩ ساڵ داشکا.
ئەم چالاکە کرێکارییە لەماوەی دەسبەسەری و لێکۆڵینەوە، لەمافی دەسڕاگەیشتن بە پارێزەر و پشوو و مافی دەرمان بێبەری بووە.
ق.ش


