سوکایەتی وبێ ڕێزی وبچووک نواندنی فەرماندەران بووبە هۆی خۆکوژی حیکمەت سەفەری

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەبەڵگەیەکی نهێنی وپارێزراو کە تەدبیرگەلێکی وەکوو”پێشگرتن لە تێهەڵچوون وکێشەی شیمانە نەکراوی”لەگەڵ پێڕەوانی ئایینی یارسان،لەلایەن بەرپرسانی باڵای هێزە چەکدارەکان گەڵاڵەکراوە وواژۆی سەرلەشکەری پاسدار محەممەدباقری لەبنە،باس لەوە دەکات کەحیکمەت سەفەری ،سەربازی کوردی یارسان،لەپادگانی سپای پاسداراای کۆماری ئیسلامی ئێران لەبیجاڕ،بەهۆی سوکایەتی وبێ ڕێزی وبچووک نرخاندنی فەرماندەران و گوشار وزۆر ملەنواندن لەمەڕ کورت کردنەوەی سمێڵ وکردنی نوێژ” دەستی داوەتە خۆکوژی وگیانی لەدەست دا.

جێگەی بیرهانینە کەلەساڵی ۱۳۹۲، لەناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بەسوکایەتی وبێڕێزی بەخەڵکی یارسان وتاشینی سمێڵی زیندانییەکی یارسانی لەبەندیخانەی هەمەدان،سێ گەنجی پێڕەوی ئەم ئایینە ،بەناوەکانی، نیمکرد تاهێری،حەسەن ڕەزەوی ومحەممەد قەنبەری دەستیان دایە خۆکوشتن وکەبووبەهۆی گیان لەدەستدانی هەرسێکیان.

سەرچاوەکانی یارسان لەم بوارەوە دەڵێن،کەبەپێی ئەم بەڵگەیە وملبادان لەبنەماکانی ئەم بەخشنامە زۆر گرنگ ونهێنییە ،ئەو فەرماندەر وپاسدارانەی کەگوشاریان خستۆتەسەر حیکمەت سەفەری وهۆکاری مردنی ئەویان ڕەخساندووە دەبێ بەدواداچوونی یاساییان بۆبکرێ ومحاکمە بکرایەتن.ئەم کارەساتانە لەکاتێکدا دێنە ئاراوە ،کەزۆربابەتی وەکوو کورت کردنەوەی سمێڵی سەربازانی یارسان،کەبەزۆر وسوکایەتی لەڕادەبەدەرە هەرگیز بڵاو ناکرێتەوە ومێدیایی ناکرێت.

لەلایەکی دیکەوە لەوڕووەوە لەبەشی وەرگرانی ئەم بەڵگەیە،وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی تێدایە،بەڕوونی دەربڕی ئەوەیە کەبەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەباشی ئاگایان لەگرفت وکێشەکانی خەڵکی یارسانە وبەعەمدو ئاگایانە خۆلە جێبەجێکردنی کێشەکانیان دەبوێرن،وهەندێ جار وزۆربەکەمی لەبەرپرسی ئەمنی نەک لەبەر مافی مرۆڤ وهاوڵاتی بوونی خەڵکی یارسان،ئەم چەشنە بەڵگەنامانە گەڵاڵە دەکەن،هەرگێزیش بنەما وچوارچێوەکانی پێڕەو ناکەن.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان