ک.م.م.ک.:
ڕەحمان تابش بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی شنۆ کە لە بەندیخانەی ئەم شارەدا حوکمەکەی بەسەر دەبات، سەرەڕای تێکچوونی باری تەندروستی بە هۆی بەربەستەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، لە چارەسەری پزیشکی بێبەشە.
لە ڕۆژی دووشەممە ٦ گەلاوێژی ٢٧٢٥ی کوردی باری تەندروستی ڕەحمان تابش لە بەندیخانەی شنۆ بەرەو خراپتر دەچێت و سەرەڕای ئەمەش مافی چارەسەری پزیشکی لێ بێبەش دەکرێت.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە، سەرەڕای پێویستی چاودێریی پزیشکی لە دەرەوەی بەندیخانە، تا ئێستاش لە ناو بەندیخانە ڕاگیراوە و تەنیا دەرزی هێورکەرەوە بەکارهاتووە بۆ باشترکردنی باری تەندروستی لە نەخۆشخانەکەدا.
ڕەحمان تابش ڕۆژی دووشەممە ٣٠ پوشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی لە شاری شنۆ دەستبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی سزای ١٦ مانگ زیندانی بۆ بەندیخانەی ئەو شارە ڕاگوێزرا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشووە لە لایەن دادگای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر عەلی ئەنساری بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بە ١٦ مانگ بەندیخانە سزا درا .
ف.ن


