ک.م.م.ک.:
بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەشکان فەهیم، زیندانیی سیاسی خەڵکی شاری مەهاباد کە ئێستا لە زیندانێکی ڕێژیمی ئێران لەم شارەدا حوکمەکەی بەسەر دەبات، بە هۆی بەربەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشیی درێژخایەنی دڵ و کێشەی توندی بینین، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییە تایبەتمەندەکان لە دەرەوەی زیندان بێبەش کراوە.
ئەشکان فەهیم لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٢٣ی کوردی بەبێ فەرمانی دادگا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. پاش ماوەیەک لە لایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئێران لە شاری مەهاباد بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و هاوکاری دژ بە ئاسایشی وڵات” بە دوو ساڵ و یەک مانگ زیندان مەحکووم کرا.
شایانی باسە، سزای سەرەتایی کە لە دژی ئەم هاوڵاتیە دەرچووە، سێ ساڵ و نۆ مانگ زیندانی تەعزیری و دوو ساڵ تەبعید بۆ ناوچەی تفرش بووە، بەڵام دوای جێبەجێکردنی یاسای چەسپاندنی سزاکان، تەنها توندترین سزا، واتە دوو ساڵ و یەک مانگ زیندانیکردن، بەسەریدا جێبەجێکرا.
ف.ن


